لەپاش بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی "شاری خامۆش" لە کرماشان، کەیهان کەلهۆڕ ژەنیاری کوردی خەڵکی ئەم شارە، ڕخنەی لە شێوازی نەشیاوی هێزەکانی حەراسەتی تاقوەسان لەگەڵ خەڵک گرت.
کەیهان کەلهۆڕ ڕۆژی سێشەمە ۱٨ی پووشپەڕ لەلاپەڕەی ئەنینستاگرامەکەی ڕخنەی لە شێوازی نەشیاو و خراپی حەراسەت لەگەڵ خەڵک گرت و نووسی "وەک ژەنیار و مۆسیقازانێک کە لە هەموو وڵاتانی دونیا تەنانەت لە دواکەوتووترین ناوچەی دونیا کۆنسێرتم بەڕێوە بردووە، دەڵێم کە تا ئێستا بینەری حاڵەتێکی ئاوا و ئاستێکی وا گەورە لە بێ ڕێزی و سووکایەتی بە هەوادارانم و خۆم نەبوومەتەوە."
ئەم هونەرمەندە بەناوبانگەی کرماشانییە ئاماژە بەو کێشانەی کە لە کۆنسێرتەکە هەبوو و شێوازی نەشیاوی هێزەکانی حەراسەتی تاقوەسان نووسی "لەپاش کۆنسێرتەکەش دەرکردنی خەڵک بە قسەی ناحەزەوە لەکاتی وێنەگرتن درێژەی هەبوو، هێزەکانی حەراسەت بەرەو شەقامەکە پاڵیان بە خەڵکەوە نا و هەمووی ئەمانەش بووە هۆی ئازاری خۆم و هاوشارییەکانم".
کەیهان کەلهۆڕ لەم پۆستەدا داوای لێبوردنی لەخەڵکی کرماشان کردووە و نووسیویە "لە کۆتاییدا بەم نابەرپرسانە کە بەدوور لە عەشق و کەلتوورن دەڵێم مێژووی هونەر و هونەرخوازی لەم ناوچەدا زیاتر لە مێژووی تاقوەسانە کە نە بە زۆر و توندوتیژی لەنێو دەچێت و نە بە بێ ڕێزی، ئەوەی کە دەبێ لەم ناوچەیە بڕوات ئێوەن نەک هونەر و کەلتوور".
کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە کە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی مۆسیقا لە ئێران لەمپەر دروست دەکات. لە هەندێ لە شارەکان ڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆنسێرت بە کەس نادرێت و هەندێ جاریش کۆنسێرتی هونەرمەندەکان پاش وەرگرتنی ڕێگەپێدانی یاسایی تەنانەت چەند کاتژمێر پێش بەڕێوەچوونی، هەڵدەوەشێتەوە. دوێنێ کۆنسێرتی سیروان خۆسرۆویدەری قەزوین هەڵوەشایەوە.
لەئێران نەک هەر ئێزنی چالاکی مۆسیقایی بە گۆرانیبێژی ژن نادرێت بەڵکوو پێ دەچێ ڕووبەڕووبوونەوەی حکوومەت لە مۆسیقای پاپەوە گەییشتووەتە مۆسیقای فۆلکلۆریش.
کۆنسێرتەکانی "شاری خامۆش"ی کەیهان کەلهۆڕ بە هاوکاری کوارتێتی "مینیاتۆر" کە پێشتر لە هۆڵی وەحدەتی تاران بەڕێوە چوو، لە ڕۆژانی ۱٦ و ۱۷ی پووشپەڕ لە تاقوەسانی کرماشانیش بەڕێوە چوو.