بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پڕۆژەی ئیتلاعاتی سوپا لە فەزاى مەجازى بۆ سوککردنی کچانى ڕۆژهەڵات

پڕۆژەی ئیتلاعاتی سوپا لە فەزاى مەجازى بۆ سوککردنی کچانى ڕۆژهەڵات
AvaToday caption
posted onApril 7, 2019
noبۆچوون

 

ماوەیەکە لەسەر تۆڕی تلێگرام کاناڵێک بە ناوی "تیمارستان مەجازی" کراوەتەوە و بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ژمارە تەلەفۆنی کچانی ڕۆژهەڵات، هەوڵی شکاندنی کەسایەتی تاکى ڕۆژهەڵاتی دەدات.

 

بەڕێوەبەرانی ئەو کاناڵە بە کۆپیکردنی وێنەی کچان لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان و دانانی نووسراوەی پڕ لە بێڕیزی و نێوزڕاندن لەسەریان هەوڵی باجگیری لەو کەسانە و هەروەها درووستکردنی بێ متمانەیی بنەماڵەکان بە کچەکانیان دەدەن.

بە پێی سەرچاوەیەکی تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی لە شاری شنۆ، ئەو پڕۆژەیە کە لە لایەن ئیتلاعاتی شاری شنۆ و لە ڕیگەی چەند ژن و کوڕی گیرۆدەبووی مادەی هۆشبەرەوە بەڕێوە دەبردرێت، تۆڵەکردنەوەی ئیتلاعاتە لە ژنان و کچانی کورد کە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵی ڕۆژهەڵات زۆر چالاکانە بەشدار بوون. ئیتلاعاتی شنۆ بەو شێوە دەیهەوێ بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵات هان بدات بۆ ئەوەی نەهێڵن کچ و کوڕەکانیان لە خەباتی نەتەوییدا بەشدار بن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەلاقەیەک بۆ هوشیاری و ڕۆشەنگەری لەسەر پیلانەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەکار بهێنن.

سەرچاوەکەی ئاڤاتودەی لە شنۆوە پێی ڕاگەیاندین کە کاناڵی "تیمارستانی مەجازی" سەر بە ئیتلاعاتی سوپای شنۆیە و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کچ و تەنانەت کوڕانەی کە بەرگی کوردییان پۆشیوە و یا خوازیارى هەندێک شێوازى جلپۆشین و قژداهێنانن، گووتنی ئەوەی ئەو کەسانە بێ ڕەوشتن و خراپن، هەوڵ دەدات کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی کچان و کوڕانى شارەکانى کوردستان و بەتایبەت شنۆ و مەهاباد بترسێنێت.

پێویستە لاوان و بە تایبەت بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو پیلانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئاگادار بن و بە هەر شێوەیەکی بۆیان دەکرێت پێش بەو  مۆرە و کەسە هەڵخەڵەتاوانە بگرن کە هیوای شکاندنی ڕۆژهەڵاتیان هەیە.