بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هەواڵگرى تورکیاو قەتەر دژى کوردەکانى ڕۆژئاوا پیلان دەگێڕن

هەواڵگرى تورکیاو قەتەر دژى کوردەکانى ڕۆژئاوا پیلان دەگێڕن
AvaToday caption
posted onMarch 24, 2019
noبۆچوون

 

دوای ڕاگەیاندنى سەرکەوتن بەسەر دوایین پێگەى "خەلافەتى ئیسلامی"، ڕێکخراوى داعشى تیرۆریستى لە سووریا، وەزارەتى بەرگرى تورکیا بەخێرایی و لەرێگەى دامەزراوە میدیاکانى وڵاتەکەى و بەهاوبەشى لەگەڵ میدیاى قەتەرى لەگرنگى ئەو سەرکەوتنەیان کەمکردەوە.

 

ئاماژەیان بەوەش داوە "تەنها سوپاى تورکیا تاکە لایەنە جەنگى ڕاستەوخۆى لەگەڵ گرووپی داعش ئەنجام داوە و، کوردەکانیش کوشتاریان دژى عەرەبەکانى ڕیفی دێرەزوور ئەنجام داوە"، ئەمەش بۆ خۆدزینەوەیە لەب ەرپرسیارێتى ناردنى دەیان هەزار تیرۆریستى جیهان بۆ نێو خاکی سووریاو عێراق، کە لەرێگەى سنوورەکانى تورکیاوە ئاسانکارییان بۆ کراوە. لەپاڵ ئەو ئاسانکارییەش پاڵپشتییەکى بێسنوورى دارایی لەلایەن قەتەرەوە پێیان دراوە.

جگە لەوانەش میدیاکان سەرجەم ڕۆڵە ناوخۆیی و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەکانى پشتگوێ خستووە لەناوبردنى جیهادییە توندڕەوەکانى داعش، بەدەر لەبەرژەوەندییە جیاوازەکانیان، کەهەموویان پێکەوە کاریان بۆ لەناوبردنى ئەو "گرووپە تیرۆریستییە" کرد.

لەساڵانى ڕابردوو بەتایبەت لەدواى ٢٠١١ کە ساڵى سەرهەڵدانى دووبەرەکى و شەڕى تایفی و ئەتنى سووریا بووە، هەریەک لە ئەنکەرا و دۆحە، بەخێرایی هاریکارییەکانیان پێشگەش گرووپە چەکدارەکانى نێو سووریا کرد، کەسەرجەمیان گرووپى تووندڕەوی تیرۆریستى بوون، لەپاڵ ئەو هاریکارییانەش ئاسانکاری میدیایی و سیاسیان بۆ ئەنجام دراوە.

شەممە ٢٣ ئاداری ئەمساڵ، هێزەکانى سووریاى دیموکرات توانیان دوایین پێگەى ژێر دەستى گرووپی داعش لە شاروچکەى باغووز لەرۆژهەڵاتى سووریا ئازاد بکەن، کە شەش مانگ پێش ئێستا هێرشى کۆنترۆڵکردنەوەى ناوچەکانى ڕیفی دێرەزوور ڕۆژهەڵات بەپاڵپشتى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەسەرۆکایەتى ئەمریکا دەستى پێ کردبوو.

بەرپرسێکى کورد لەبارەى گیراوانى هەزاران جەنگاوەرە بیانیەکەى داعش و بەخێزانەکانیانەوە لەسووریا مەترسیی گەورە دروست دەکەن. ئاماژەى بەوەش داوە "سەرەڕای کۆتایی هاتنى خەلافەت، بەڵام ئەوان مەترسیین و پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى وەریان بگرێتەوەو، دووبارە چاکسازییان بکاتەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە لەسنوورى باکوورى سووریا، تورکیا هەمیشە هەڕەشە لەکوردەکان دەکات، بەتایبەت دژى یەکینەکانى پاراستنى گەل، کە زۆربەى ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستانى بەدەستەوەیە جگە لە عەفرین کە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن سوپاى ئەنکەراوە داگیر کرا.

هەڕەشەکانى تورکیا لەدواى بڕیارەکەى واشنتۆن لەکشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا، تووندتر بووەتەوەو، مەترسی ئەوەى لێدەکرێت هاوشێوەى عەفرین "تورکیا چەندین ناوچەى کوردەکانى باکوورى ڕۆژهەڵاتى سووریا ڕادەستى گرووپە تیرۆریستەکان بکاتەوە". بەرێوەبەرى تۆڕى سووریا بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕەخنەى لە هاوپەیمانى سووریاى ئۆپۆزسیۆن گرت، بەوەى نەیوێراوە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە دروستکردنى کوشتار لە کەمپی باغووز پێش ٥ ڕۆژ ڕابگەیەنێت، بۆیە داواى لەتورکیا کردووە پارتى یەکێتى دیموکراتى PYD تۆمەتبار بکات بە "کوشتنى نزیکەى ٢٣٠ چەکدارى داعش بە خێزانەکانیانەوە".

ئەو تۆڕە کە خاوەنى مسداقییەتێکى نێودەوڵەتى هەیەو، بارەگاکەشى لەلەندەنى پایتەختى بەریتانییە لەسەر زارى ڕامی عەبدولرەحمان ڕوونی کردەوە " هەواڵگرى تورکی و قەتەرى، دەیانەوێت شەرەفى سەرکەوتنەکانی هێزەکانى سووریاى دیموکراتى لەژێر پێی ڕابکێشن و، لەگرنگی ئەو هێزەش کەمبکەنەوە، بۆیەش بیانووی جینۆساید کردنى عەرەب لەلایەن کوردەکانەوە دەخەنەروو".

لەراگەینراوێکى خۆیشیدا کە لەماڵپەرەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت "تورکیا و قەتەر، هاوبەشى گرووپەکەن لە ڕێگەى هێنانیان بۆ نێو سووریا، بەتایبەت ئەو کاتەى سنوورەکان لەبەردەمیان واڵا بوون". باسى لەوەش کرد "ئەمرۆ تورکیا دەڵێت هێزەکانى سووریاى دیموکراتى کوشتار دژى مەدەنییەکان ئەنجام دەدات، و لەرێگەى باڵەکانى دۆحەو ئەنکەر لە سووریا دژى ئەو هێزانە دەجوڵێننەوە".

قەتەر و تورکیا

عەبدولڕەحمان دووپاتی دەکاتەوە "ئەنکەرا زۆربەى شانە سەربازی و میدیاییەکانى ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن دژى هەسەدەو، کوردەکان بەشێوەیەکى تایبەتى بۆ ئەوەى بڵێت ئەوان گرووپی تیرۆریستین". بەرێوەبەرى تۆڕە سوورییەکە پێداگرى لەوە دەکاتەوە "بە حکومەتى ئەڵمانى و پەرلەمانى ئەو وڵاتەى گوتووە ئەوەى دەیان هەزار چەکدارى تیرۆریستى ڕەوانەى سووریا کرد، تورکیاو دەزگا هەواڵگرییەکەى بووەو، ئەوەى پارەى داوە بۆ ئازاد کردنى ڕۆژنامەنووسەکەو کەنیزەکان داوە، بە شێوەیەک لەشێوەکان پاڵپشتى تیرۆر دەکات".

بە بۆچوونى خۆیشى "هەواڵگرى تورکیا لەسەر ئەو پرسە شانە نووستووەکان و زیندووەکانى لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى فورات بەکار دەهێنێت، تەنانەت ئەوانەش لەنێو کەمپەکاندا لەگەڵ خێزانەکانیاندا دەستگیر کراون بەکار دەهێنێت دژى کوردەکان بجوڵێنەوە.

عەبدولرەحمان گووتیشى "پێویستیەکى گەورە بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەیەکى هزرى بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى فورات هەیە ، لەپاڵ ئەوەش نۆژەنکردنەوەى ئابوورى ڕۆڵى خۆى دەبینێت". پێی وایە هزرى گرووپە تیرۆریستەکە هەموو کەسێک بەچەندین دیمەن بینیویەتى و، لەنێو مێشکى ئافرەتەکانى ئەو گرووپەو منداڵەکانیان چەسپاوە.

لە شوبات (ڕێبەندان)ى ڕابردووش بەرێوەبەرى تۆڕى سووری بۆ مافەکانى مرۆڤ لەبارەى پیلانێکى هەواڵگرى تورکی و قەتەرى داوە بۆ پێکهێنانى هێزێکى سەربازی لە ڕۆژهەڵاتى فورات بۆ بەرەنگاربوونەوەى هێزەکانى سووریاى دیموکراتى داوە، بەبیانووى بڵاوەپێکردنى ئاسایش و هێمنى لەو ناوچەیە. بۆچوونیشى وایە ئەو هێزانە لەواقیعدا بەبیانووى شەڕکردن دژى هەسەدە، کار لەسەر دروستنى دووبەرەکى کوردی عەرەبی دەکەن.

پرسیارى ئەوەش دەکات "بۆچى قەتەر پاڵپشتى هێزەکانى بەرەنگارى دژى داعش نەکرد، کاتێک سەدا ٣٠ خاکەکانى سووریا لەرۆژهەڵاتى فوراتى داگیر کردبوو؟، بۆچى ئەو هێزانەی بەنیازن دواى کۆتایی هاتنى داعش دروستى بکەن، نەهاتن؟، ئایا ئەمە ئۆپەراسیۆنێکى قەتەرى تورکی نوێیە بۆ دروستکردنەوەى کێشە لەو ناوچەیە؟".