بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ستراتیژییەک بە تامی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران

مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەم وتاری فەرمی خۆی، ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ى مەى ستراتیژی وەزارەتەکەی بۆ دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند.
AvaToday caption
مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەم وتاری فەرمی خۆی، ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ى مەى ستراتیژی وەزارەتەکەی بۆ دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند.
posted onMay 21, 2018
noبۆچوون

 

پۆمپئۆ ١٢ مەرجی بۆ ئێران دانا،و لابردنی گوشارەکانی پەیوەستکرد بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە. بەپێی ستراتیژی نوێی ئەمریکا کە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە وردەکارییەکانی باسکرد، ئێران دەبێ هەموو چالاکییەکانی پێشوو و ئێستای ئەتۆمی ڕابگرێت، ئێران دەبێ چالاکییە مووشەکییەکانی خۆی بەتایبەت موشەکە باڵستییەکانی خۆی ڕابگرێت. ئێران دەبێ پشتیوانی خۆی لە گروپە تیرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵای لوبنان، حەماس و جیهادی ئیسلامی و میلیشیاکانی عێراق ڕابگرێت. ئێران دەبێ پشتیوانی لە سوپای قودس و گرووپە تیرۆریستییە هاوپەیمانییەکانی کۆتایی پێ بهێنێت، هاوکات ئێران دەبێ هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا و بەتایبەت ئیسرائیل و سعودیا و ئیمارات ڕابگرێت.

 

کاردانەوە سەرەتاییەکان

دوا بەدوای وتارەکەی مایک پۆمپئۆ هەر وەکوو چاوەرێ دەکرا، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتیوانی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند کە کۆشکی سپی کارێکی دروست و گونجاو بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات. بەڵام کاردانەوە بە پەلەو چاوەڕواننەکراوەکە هی ڕووسیا بوو، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و کرملین دوا بەدوای وتارەکەی مایک پۆمپئۆ ڕایانگەیاند کە ئەگەرچی گوشارە نوێکانی ئەمریکا بۆ گۆرینی ڕژێمی ئێران ئەنجامی پێچەوانەی دەبێ، بەڵام نەیانشاردەوە کە ستراتیژییە نوێکەی ئەمریکا کاریگەری لەسەر مانەوەی ئێران لە سوریا دەبێت

پێشتر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ستراتیژی پەمپیۆ هەر چییەک بێت، ئەوان متمانە بە ئەمریکا ناکەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی نهێنی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی داوای لە پەرلەمانتاران کردبوو کە مەرجی وڵاتانی یەکێتی ئوروپا قبووڵ بکەن، بەڵام لەلایەن پەرلەمانتارە تووندترەوەکان و عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕەتکرابوویەوە.

 

ئامانج ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران

١٢ مەرجەکەی مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ڕادەیەک قوورسن، کە بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی ئێران نایشارنەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەمریکا ڕوخاندنی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، هەر ئەمرۆ دوشەممە فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بە ئەژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا دەیهەوێ حکومەتی ئێران بروخێنێت و، بەرای ئەو سەرچاوەیە ئامانجی سەرەکی ڕوخاندن (برندازی) دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. دوای قسەکانی مایک پۆمپئۆش ئەژانسی تەسنیم ـی سەر بە سوپای پاسدارانیش لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا ڕایگەیاند کە قسەکانی مایک پۆمپئۆ وەک جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆنی گۆرینی سیستەمی سیاسی ئێرانی لێدێت.

تەسنیم دەلێ ئەگەرچی مایک پۆمپئۆ ڕاستەوخۆ دەستەواژەی گۆرینی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەکارنەهێناوە، بەڵام ئەگەر ١٢ مەرجەکەی ئەمریکا جێبەجێ بکرێن، شتێک بەناوی کۆماری ئیسلامی ئێران نامێنێت.