بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پەرلەمانی ئەورووپا پرۆژەبڕیارێکی بۆ پشتگیری کورد لە سوریا پەسندکرد

پەرلەمانی ئەورووپا پرۆژەبڕیارێکی بۆ پشتگیری کورد لە سوریا پەسندکرد
posted onFebruary 12, 2026
noبۆچوون

پەرلەمانی ئەورووپا پڕۆژەبڕیارێکی تایبەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای پەسند کرد. پەرلەمان هۆشداری دەدات کە ئەو تووندوتیژییانەی لەو ناوچەیە ئەنجام دراون، رەنگە بگەنە ئاستی "تاوانی جەنگ" و داواش دەکات مافەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکان بە گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی بپارێزرێن.

لە پڕۆژەبڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممە 12-02-2026، ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا جەختیان کردەوە، کوشتنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئاوارەکردنی بەکۆمەڵ، پێشێلکردنی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکانن. پەرلەمان ئاماژەی بە راپۆرتە باوەڕپێکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە تێیاندا هاتووە سوکایەتی بە تەرمەکان و تێکدانی گۆڕستانەکان دژی دانیشتووانە کوردەکە ئەنجام دراون.

سەبارەت بە سەقامگیریی ناوچەکە، پەرلەمان پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا کرد. هاوکات داوای لە تورکیا کرد لە هەر جۆرە کارێکی سەربازی یان پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاگربەست، دووربکەوێتەوە.

لە کۆتایی بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بۆ سووریایەکی سەقامگیر، دەبێت دانپێدانانی تەواو و مافی یەکسان بۆ کورد و پێکهاتەکانی دیکەی وەک عەرەب، کریستیان و ئێزدی لە ناو "دەستوور"دا بچەسپێنرێن. پەرلەمان دەڵێت، بەشداریی سیاسیی کورد کلیلی گواستنەوەیەکی سیاسیی دادپەروەرانەیە لە سووریادا.