بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پێگەى کچ و ژن لە ٤٠ ساڵەى کۆمارى ئیسلامى

پێگەى کچ و ژن لە ٤٠ ساڵەى کۆمارى ئیسلامى
AvaToday caption
posted onFebruary 12, 2019
noبۆچوون

 

ئاڤاتودەى ـ سنە

 

ئاوێتە بوونی یاسا و داب و نەریتی پیاوسالارانە و نائینسانی لە ئێران، بووەتە هۆی وەها کارەساتهایەک کە لە ئیلام کچێکی ۱۱ ساڵان لەجیاتی قەرزی باوکی  دەفرۆشرێتە پیاوێکی تەمەن ٥۰ ساڵان و لەسنە لە شوێنێکی گشتی و لەپێش چاوی خەڵک، ژنێک بەدەستی مێردەکەی بەشێوەیەکی زۆر بێبەزەییانە دەکوژرێت.

 

بە وتەی یەکێک لە شایەتحاڵانی ڕووداوی سنە "پیاوەکە کاتی کوشتنی ژنەکەی بە ناوی لەیلا (نازەنین) حوسەین پەناهی،  بانگی هەڵدەهێنا و دەیگوت ژنی خۆمەو دەیکوژم، واتا موڵکییەتی ژن بۆ پیاو بەشێوەیەکی ڕوون و بەرچاوی کە لەیاسادا ڕەچاو کراوە پاڵپشتێکی بەهێزە بۆ هەموو چەشنە کردەوەیەکی نەشیاو لەگەڵ ژندا لە کۆمەڵگای ئێران."

ڕەنگدانەوەی فەرهەنگێکی دواکەوتوو لە یاسادا و دیسانەوەش پاڵپشتی یاسایی بۆ زیندووکردنەوەی ئەو دواکەوتووییە تا ئەوڕادەیە ڕۆیشتووتە پێشەوە کە لە سەدەى ۲۱ دا کە منداڵ وەک بەرکەوتوو  چینی کۆمەڵگا دەبێ خاوەنی یاسایەکی گشتی و هەموولایەنە بێت کە بە چاوەدێرییەکی بەهێزی یاساییەوە جێبەجی بکرێت، لە ئیلامدا و لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی کچێکی منداڵ بەناوی "ڕەها" لە لایەن باوکییەوە لەباتی ۱٥ ملیۆن قەرز، دەفرۆشرێتە پیاوێکی تەمەن ٥۰ ساڵ . واتا بە شێوەیەکی یاسایی لە پێش چاوی ڕاهاتووی کۆمەڵگاوە دەسدرێژی دەکرێتە سەری .

 بە وتەی یەکێک لە چالاکانی بواری مافی منداڵان: ئەم ڕووداوە یەکێک لە هەزاران ڕووداوێکە لەم چەشنە بەو جیاوازییە کە ئەمجارە بە یارمەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیاندنی لەسەر کراوە و دەتوانین واقعییەتی دەسەڵاتی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی لە نێو ژیانی ئەو منداڵە بخوێنینەوە کاتێ هەر شەو دەستدرێژی دەکرایە سەر جەستەی و دوایی بە وتەی خێزانی ئەو ماڵە گریانی بەردەوامی منداڵەکە دەستی پێ دەکرد.

ژن لە ٤٠ ساڵەى کۆمارى ئیسلامى

 یەکێک لە پارێزەران لە شاری سنە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتوودەی گوت "یاسای بنەماڵە لە ئێراندا زۆر کوتر و ناڕوونە. بەو مانایە کە ناتوانی پشتبەستن بە یاسایەک هەوڵ بدرێت بۆ پاراستنی مافی ژن و منداڵ. بۆ وێنە کاتێ لەیاسای مەدەنی کۆماری ئیسلامی دەگوترێ هەر تاکێک تا گەیشتن بە تەمەنی ۱٨ ساڵ لەو پاڵپشتییانەی کە سەبارەت بە مافی منداڵان هەیە (پاراستنی جەستەیی لە هەموو چەشنە دەسدرێژییەک، دابین ردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان وەک خواردەمەنی و جل و ڕاهێنان و سەلامەتی باری دەروونی و جەستەیی و ...) بەشدارە، بەڵام لە هەمان یاساشدا هاوسەرگیری بۆ کچانی تەمەن ۱۳ ساڵ بەشێوەی یاسایی تۆمار کراوە. هەروەها ئەگەرچی کوشتنی مرۆڤ لە یاسادا قەساسی بەرانبەری لە پێشدایە بەڵام کاتێ ژنێک لەلایەن برا یان مێردەکەیەوە دەکوژرێت، ئەگەر بکوژەکانی سەبارەت بە پەیوەندی سێکسی ژنەکە بەڵگە ڕووبخەن، تەواوە و تا ڕادەیەکی زۆر لە سزادان پارێزراون.

ئێستا ئەوەی کە ڕوونە ڕاگەیاندنکردنی کەیسی ڕەها بووتە هۆی ئەوەی ئیدارەی تەندرووستى هەوڵ بۆ وەرگرتنی ڕەها بدا، بەڵام ئەگەر بە یارمەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گشتی نەکرابوایەوە، ڕەها چەندە درێژەى بەو ژیانە دەدا؟

ئایا هۆکاری ڕانەگەیاندن بە شێوەیەکی پێویست لەسەر ڕووداوی دڵتەزێنی سنە و کۆشتنی لەیلا لەشوێنێکی گشتی بەدەستی مێردەکەی و چاولێکردن لەو ڕووداوە وەک کێشەیەکی بنەماڵەیی نەک کێشەیەکی ئینسانی، ئەوەنییە کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی چەند لە ناخی هەمووماندا تەنیوەتەوە کە ئیدی ئەو چەشنە ڕووداوانە کەس ناهەژێنێت؟