دەسەڵاتدارانی ئێران، وەک سزایەک بەرامبەر پشتگیریکردنی لە خۆپێشاندانەکان، دەستیان بەسەر سەرجەم دارایی و هەژمارە بانکییەکانی وریا غەفووری، یاریزانی پێشوو و ڕاهێنەری کورددا گرت و هێڵی مۆبایلەکەشیان داخست.
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشارەکانیان بۆ سەر وریا غەفووری زیاد کردووە. ئەم ڕێکارە نوێیانە دوای ئەوە دێن کە پێشتر هەردوو کافتریای "کافە وریا" لە تاران لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە داخران؛ ئەوەش دوای ئەوەی لە ڕۆژانی 18 و 19ی کانوونی دووەمدا، هاوشانی مانگرتنی سەرتاسەری، کافتریایەکانی داخرابوون.
وریا غەفووری، کە پێشتر کاپتنی یانەی ئیستقلال بووە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، کاردانەوەی توندی بەرامبەر کوژرانی خۆپێشاندەران نیشان داوە. غەفووری لە پەیامێکدا نووسیویەتی: "لەم ئازارەدا پەنا بۆ خەو دەبەم و نزا دەکەم ئەوانەی بوونە هۆکار و بکەری ئەم دۆخە، نەمێنن و لەنێوبچن."
ئەو وەرزشوانە کوردە وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانییان، ئاماژەی بەوە کردووە: "دڵنیام ئەو خوێنانەی بە ناهەق ڕژان، ناویان بۆ هەمیشە بەسەر ئاسمانی ئەم نیشتمانەوە دەدرەوشێتەوە؛ داوای ئاشتی، ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی وڵاتەکەم دەکەم."