یەڵدا عەباسی، هونەرمەندی ناوداری کوردی خۆراسانی کە نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە، لە کاتی سەردانێکی بۆ ئێران بە مەبەستی نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی وەکێڵ ئابادی مەشهەد گوازرایەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، دەستبەسەرکردنی ئەو هونەرمەندە پێوەندیی بە حوکمێکی غیابییەوە هەیە کە پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٢ و لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە "ژن، ژیان، ئازادی" بۆی دەرچووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیاکانی مافی مرۆڤی راگەیاندووە، یەڵدا عەباسی رۆژی شەممە کاتێک چووەتە یەکێک لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بۆ نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکەی، لەوێ ئاگادار کراوەتەوە کە دۆسیەی یاسایی بۆ کراوەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، دادسەرای ئەوین بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" و بەهۆی پشتگیریکردنی لە خۆپێشاندەران، سزای ساڵێک زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە، لەکاتێکدا هونەرمەندەکە خۆی پێشتر ئاگاداری ئەو بڕیارە نەبووە.
عەباسی دوای دەستبەسەرکردنی، سەرەتا بۆ بنکەی پۆلیس و پاشان بۆ بەشی ژنانی بەندیخانەی وەکێڵ ئاباد لە شاری مەشهەد گوازرایەوە تاوەکو سزاکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
یەڵدا عەباسی، گۆرانیبێژ و ژەنیاری کوردی کرمانجییە و خەڵکی شێروانی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوورە. ئەو لە خێزانێکی هونەرمەند پەروەردە بووە.
ئەم هونەرمەندە لە تەمەنی ١١ ساڵییەوە دەستی بە ژەنینی دوتار کردووە و دامەزرێنەری گرووپی مۆسیقای "نازار"ە کە تایبەتە بە ژنان. عەباسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناوێکی ناسراوە و لە چەندین پڕۆژەی جیهانیدا بەشداریی کردووە، لەوانە پڕۆژەی "ئارێنا توور" لەگەڵ گرووپی "شیلەر"ی ئەڵمانی.