بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

شاخەوانێکی سنەیی لە ڕووداوێکدا گیانی لەدەستدا

شاخەوانێکی سنەیی لە ڕووداوێکدا گیانی لەدەستدا
ئاگرین لوتفی
posted onFebruary 24, 2024
noبۆچوون

ئاگرین لوتفی، دامەرزێنەری یەکەمین یانەی ژنانی شاخەوانی، لە یەکێک لە شاخەکانی نزیک شاری تاران، لە کاتی سەرکەوتن بەسەر تاڤگەیەکی بەستوودا گیانی لەدەستدا.

ئاگرین لوتفی، خەڵکی سنه، رۆژی پێنج‌شەمه، ٣ی ڕەشەمێ، لەگەڵ گروپێکی شاخەوانیدا، دەیەویست بەسەر تاڤگەی سەهۆڵی "نوا" لە نزیک شاری تاران سەرکەوێت، بەڵام بەهۆی دوو شاخەوانی دیکەوە سەهۆڵەکە دەشکێت و بە سەری ئەو خاتوونەدا دەکەوێت، یەکسەر گیان دەدات.

بەوتەی دوست و نزیکانی ئەم خاتوونه شاخەوانه، ئەو و هاوڕێیانی، چەند رۆژ پێشتر چووبوونە تاران و چەند رۆژێک راهێنانیان کردووە و له رۆژی دیاریکراو هەوڵیانداوە سەرکەون.

 پێنج کەس لە هاوڕێکانی سەرکەوتوون و خۆی و پشتیوانەکەی ماونەتەوە، بەڵام دوو شاخەوانی خەڵکی تاران کە تراوێرسیان کردووە (بەشێوەی ئاسۆیی بەسەر سەهۆڵەکەدا رۆیشتوون) بوونەتە هۆی شکانی پارچە سەهۆڵێکی گەورە.

 تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام هەوڵەکانیان ئەنجامی نەبووە و بەهۆی گورزێک کە بەر سەری کەوتووە، مێشکی ئاگرین راوەستاوە و گیانی لەدەستداوە.

 ئاگرین لوتفی ساڵی 2004 یەکەمین یانەی ژنانی شاخەوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی "چیا" دامەزراندووە و لە ئاستی ئێراندا مۆڵەتی فەرمیی فیدراسیۆنی شاخەوانیی ئێرانی هەبووە

ئەو، راهێنەر و وانەبێژی شاخەوانی بوو و لە بوارەکانی شاخەوانی، بەردەوانی و بەفر و سەهۆڵیشدا چالاک بووە.