بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مانگرتنى شارە سنوورییەکان، بزاوتێکى مەدەنى و گشتگیر

مانگرتنی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە داخستنی سنوور و بەرزرکردنەوەی نرخی گومرگ بۆ حەفتەمین ڕۆژ بەردەوامە و مانگرتوانیش دەڵێن تا بەدیهاتنی خواستەکانیان لە مانگرتن بەردەوام دەبن.
مانگرتنی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە داخستنی سنوور و بەرزرکردنەوەی نرخی گومرگ بۆ حەفتەمین ڕۆژ بەردەوامە و مانگرتوانیش دەڵێن تا بەدیهاتنی خواستەکانیان لە مانگرتن بەردەوام دەبن.
posted onApril 21, 2018
noبۆچوون

 

شەماڵ،چالاکوانێکی مەدەنی شارى بانە، بە ئاڤاتودەی گوت "ئەمڕۆش شاری بانە درێژەی بە مانگرتنی خوی دا و زۆر بەرچاوتر بوو لە ڕوژانی پێشوو و زۆر دوکان کە ڕۆژانی پێشوو دایاننەخستبوو ئەمڕۆش هەر بە داخراوى مابوونەوە"، شەماڵ باسی لەوەش کرد کە هەموو مانگرتوان تا کردنەوەی سنوورەکان سوورن لەسەر درێژەدان بە مانگرتنەکەیان.

مانگرتووان لەپاڵ داخستنی دووکانەکانیان چەند کەمپەینێکیشان ڕاگەیاندووە، یەکەم کەمپەین لە شاری بانە و بە ڕاخستنی "سفرەی بەتاڵ" دەستى پێ کرد. بە وتەی چالاکوانان، ئامانج لەم کەمپەینە نیشاندانی کاریگەریی داخستنی سنوورەکانە لە سەر قووت و ژیانی خەڵکی ناوچە نێزیک سنوورییەکان. بازاڕیانی شارە مانگرتووەکانیش بە کۆبوونەوە لە پێش فەرمانداری و بەڕێوبەرایەتی شارەکان دژایەتی خویان لە سەر ئەو بڕیارانەی حکوومەتی ئێران دەربڕی.

زانستگەی پەیامی نووری مەریوان یەکەم زانستگە بوو کە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاڤریل) لە بەیاننامەیکدا پشتیوانی خوی لە مانگرتنەکە دەربڕی. خوێندکارانی ئەم زانستگەیە ئەمڕۆ بە دروشمی "نا بۆ داخستنی سنوورەکان، مانگرتن بەردەوامە" دیسان لە مانگرتنی شارە سنوورەییەکانی ڕۆژهەڵات پشتیوانیان کرد. یەک لە خوێنداکارانى ئەو زانستگەیە بە ئاڤاتودەی گوت "ئێمەی خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان ئەگەر تا ڕۆژی شەممە وەڵامێک لە حکوومەتەوە وەرنەگرین، دەست بە مانگرتنى بەربڵاوتر دەکەین."

 

بەرپرسان هاتنە سەر خەت:

بەردەوام بوونی مانگرتن و پەرەسەندنى بۆ شارەکانی دیکەی سەر سنوور، وای کرد کە بەرپرسانی ناوچەیی و هەروەها گشتی حکومەتی ئێران بێنە سەر خەت و هەڵوێست دەر ببرن. محەمەد فەلاحی، فەرمانداری بانە، شەوی جومعە لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی"لە سێ مانگی ڕابردوودا ١٨ کۆبوونەوەمان لەگەڵ بازاڕیان و کاسبکارانی شاری بانە کردووە، ئامانج لەم کۆبوونەوانە هێنانی شتومەکی بە کواڵیتی بەرز و نرخى هەرزان بووە."

فەلاحی لە درێژەی قسەکان باسی لە دەستی دەرەکی لە مانگرتنەکاندا کرد و گوتی "ئەوانەی لەوبەری سنوور بوونەتە خەمخوری خەڵکی بانە، لە کاتی چالاکی سنوورە نیمچە فەرمییە کۆڵبەرییەکان ئەم پرۆژەیان بە بێ ڕێزی ناو دەبرد، ئێستاش کە دەوڵەت دەیهەوێت کارەکان ڕێکتر بخات دەیانهەوێت کۆڵبەری بهێنەوە گۆڕێ." فەلاحی باسى لەوەش کرد کە مەبەستی ئەو کەسانە (دەرەکییەکان) دۆستایەتی نییە، بەڵکوو ئامانجیان ئاژاوە و شێواندی شاری بانەیە.

عەبدوڵا ڕەمەزان زادە وتەبێژی پێشووی حکومەتی ئێران لە تویتێکدا گوتی "جەنابی سەرۆککۆمار (حەسەن ڕۆحانی)، شاندێک بنێرێن بۆ شارە سنوورییەکانی کوردستان با بۆتان باس بکات کە وەزیرەکەتان چی بە سەر خەلکی فەقیری سەقز و بانە و مەریوان هێناوە." ڕەمەزان زادە لە دریژەی قسەکانیدا داوای لە ڕۆحانی کردووە کە بە جێگای جەلیلی کە چەند ڕۆژ پێش سەردانی مەریوان و بانەی کرد، وەزیری بازرگانی بنێرێتە ئەو شارانە و تا درەنگ نەبووە کارێک بکات.

هەروەها لە خاڵی سنووری شۆشمێى سەر  بە نەوسوود، سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئاڤاتودی گوت "کاتژمێر ١٢ی شەوی ڕابردوو بەرپرسانی شاری پاوە ئەو خاڵە سنووریەیان کردووەتەوە،" ئەو سەرچاوەیە ڕوونی نەکردەوە کە کردنەوەی ئەو خالە سنوورییە کاتییە یان هەمیشەیی و بۆ چ مەبەستێک بووە.

زۆربەی مانگرتووان گلەیی لە بەرپرسانی شار و شارۆچکەکانی خوێان دەکەن کە لەبرى بەهاناوەچوون بۆ خواستەکانیان، لە هەوڵی ئەوە دان دووبەرەکی بخەنە نێو مانگرتووان تا کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنرێت. ئەحمەد، چالاکوانێکی شاری مەریوانە و بە ئاڤاتودی گوت "ئەمڕۆ چوارەمین ڕۆژی مانگرتنی مەریوان بوو، ئێمە (مانگرتووان) سوورین لە سەر داواکانمان"، ئەحمەد ئەوەشى زیاد کرد "بەڵام زۆر بە داخەوە ئەو شتەی کە ئـێمە بینیمان، هێزەکانی ئینتزامی بوو، هێزەکانی سپا بوو، گازی فرمێسکڕێژ بوو، کامێرا بە دەستەکان بوون کە فیلمیان لە خەڵک هەڵدەگرتەوە، لە کاتێکدا دەبوو بەرپرسانی شار بێن بە دەممانەوە و گوێ لە خواستەکانمان بگرن."

دوای نزیکەی حەوت رۆژ لە مانگرتنی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات، ئێستا حزبە سیاسییەکانی ئەو بەشەى کوردستان هاتوونەتە پاڵ خەڵکەوە و پشتیوانی خوێان لەم مانگرتنانە دەربڕیوە. ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران کە پێکهاتووە لە كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕۆژی پێنج شەممە لە ڕاگەیاندراوێکد پشتیوانی خوی لە مانگرتنەکە دەربڕی.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە "ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، مانگرتن و نارەزایەتیدەربڕێنی خەڵكی شارە سنوورییەكان بە جووڵەیەکى مەدەنیی  وهەڵگری داوا و داخوازی ڕەوا و ئینسانی دەزانێ و بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەكا". هەروەها پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش (پژاک) رۆژی شەممە پشتیوانی لە مانگرتنی شارە سنوورییەکان کرد. سیامەند موعینی، هاوسەروکی پژاک لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەفزیونی ئاریەن گوتی "پژاک لە مانگرتنەکانی حەفتەی پێشوو پشتیوانی دەکات، هەر ئەو جورەی کە لە هەموو جووڵەێکی ناڕەزایەتی کە داخوازی مافە سەرەتاییەکانى خەڵک بێت پشتیوانی دەکات. "