بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمارى ئیسلامى جووتیارانی ئێران دەچەوسێنێتەوە

کۆمارى ئیسلامى جووتیارانی ئێران دەچەوسێنێتەوە
جووتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشکی شێریان بەرکەوتووە
posted onDecember 10, 2018
noبۆچوون

 

 شاهۆ ڕوانسەری

 

حەوتووی ڕابردوو وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران نرخی کڕینی بەروبوومی کشتوکاڵی جووتیارانی بۆ ساڵی داهاتوو ئاشکرا کرد کە بووە هۆی ناڕەزایەتی جووتیارانی ئێران بەوهۆیەی کە ئەو نرخە لە گەڵ ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران یەکناگرێتەوە و جووتیاران بژێوی ژیانیان پێ دابین ناکرێت.

 

ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران بە پێی ئامارە فەرمییەکان لە سەرووی سەدا پەنجایە و بۆ پێداویستییە کشتوکاڵییەکان لە سەرووی سەدا سەد زیادی کردووە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە تێچووی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان بۆ زیاتر لە سەدا پەنجا زیاد بکات لە حاڵێکدا کە نرخی کڕینی بەرهەمەکان زیادبوونێکی ئەوتۆی به خۆیەوە نەبینیوە .

ئەمە لە کاتێکدایە کە جووتیاران لە هیچ جۆرە ئەمنیەتێکی کاری کەڵک وەرناگرن و لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی وەک بیمە، خانەنشینی و هتد بێبەشن.

بەهاری ئەمساڵ بە هۆی لافاو و تەرزە خەسارێکی زۆر بە بەرهەمی کشتوکاڵی و باخەوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشت، بەڵام هیچ قەرەبوویێکی جووتیاران نەکرایەوە ؛ لەم بارەوە جووتیارێک لە ڕوانسەرەوە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتوودەی ڕاگەیاند: "تەرزە زیانێکی زۆری بە بەرهەمەکانمان گەیاند؛ دوو دۆنم گەنمم خراو بوو، لە جەهادی کشاوەرزی و فەرماندارییەوە داوای وێنەیان کرد تا قەرەبوومان بکەنەوە؛ هەموو خەڵک وێنەیان برد و پەروەندەیان تەشکیل دا، بەڵام دوای هەشت مانگ هێشتا وەڵاممان نەگرتۆتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بە درووستکردنی بەنداو و ڕاکێشانی ئاوی پاڕێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوەندی ئێران قەیرانی کەمئاویشی بە قەیرانەکانی تری جووتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاد کردووە ؛ بە پێی ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەدا ٨٤ى ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای سنە بۆ دەرەوەی ئەو پارێزگایە دەڕوا لە کاتێکدا خودی پارێزگای سنە بە دەست کەمئاویەوە دەناڵێنێ. لە پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان و کرماشان و ورمێیش دۆخەکە لە پارێزگای سنە باشتر نییە؛ تەنانەت لە هەندێ ناوچەی وەک جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان و مەلکشایی ئیلام قەیرانی ئاوی خواردنیش سەری هەڵداوە و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلام سوورن لە سەر سیاسەتە ئاوییەکانیان.

کۆماری ئیسلامی کەرتی جووتیاریی بە گشتی پەراوێز خستووە و ئەگەر بەم ڕێڕەوە درێژە بە سیاسەتەکانی بدات لە داهاتوویێکی نزیکدا پێ دەچێ قەیرانەکان قووڵتر ببنەوە و ڕەنگە قەیرانی خۆراکیش لە ئێران سەرهەڵبدات و ئەمنیەتی خۆراک لە ئێرانیش لە دەست بڕوات.

 

 نرخی کڕینی بەروبوومی کشتوکاڵی جووتیارانی بۆ ساڵی داهاتوو

نرخی کڕینی بەروبوومی کشتوکاڵی جووتیارانی بۆ ساڵی داهاتوو