Ana içeriğe atla

گرژی و خۆپێشاندان زانکۆکانی ئێرانی گرتووەتەوە؛ لە زانکۆی شەریف پێکدادان ڕوویدا

گرژی و خۆپێشاندان زانکۆکانی ئێرانی گرتووەتەوە؛ لە زانکۆی شەریف پێکدادان ڕوویدا
posted onFebruary 21, 2026
noyorum

خۆپێشاندانی خوێندکاران لە چەند زانکۆیەکی گەورەی ئێران جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە و لە زانکۆی سەنعەتیی شەریف لە تاران، گرژی و پێکدادان لەنێوان خوێندکارانی ناڕازی و ئەندامانی بەسیج ڕوویدا.

بەپێی هەواڵنامەی ئەمیرکەبیر، خوێندکارانی زانکۆی شەریف بە دروشمی توند دژی دەسەڵات ڕژانە ناو حەوشەی زانکۆ، ئەمەش دوای ئەوەی ئەندامانی بەسیج بانگەوازیان بۆ مەراسیمی چلەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ڕابردوو کردبوو. مەسعوود تەجریشی، سەرۆکی زانکۆی شەریف لە کاردانەوەیەکدا ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن خوێندن بکرێتە ئۆنلاین و پەکبخرێت، گوتیشی: "دوژمن دەیەوێت زانکۆ بکرێتە ئۆنلاین، بەڵام ئێمە دەیسەلمێنین کارەکان ئاسایین و دەچینە سەر کڵاسەکانمان."

هاوکات، لە زانکۆی شەهید بەهەشتی لە تاران خوێندکاران مانیان گرت و یادی هادی فروغ، یەکێک لە دەرچووانی زانکۆکەیان کردەوە و داوای ئازادکردنی هاوڕێ دەستگیرکراوەکانیان کرد. لە زانکۆی پزیشکیی مەشهەدیش خوێندکاران بە دروشمی "ئازادی، ئازادی" ڕژانە حەوشەی زانکۆ. ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدایە کە خوێندکاران لە چەندین زانکۆی دیکەی وەک ئەمیرکەبیر یادی قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمیان کردەوە و مۆمیان بۆ گیانی قوربانییەکان داگیرساند.