Skip to main content

ئێران عێراق دەخنکێنێت

ئێران عێراق دەخنکێنێت
کۆمارى ئیسلامى بە دروستکردنى بەنداو ئاوەکانى عێراقى وشک کردووە
posted onOctober 17, 2018
nocomment

 

وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانى حکومەتى عێراق ئاشکراى دەکات "بەنداوەکانى کۆمارى ئیسلامی ئێران، قەیرانێکى گەورەى ئاوییان بۆ عێراق دروست کردووە".

 

بە هۆى دروستکردنى بەنداو و گرتنەوەو گۆڕینى ئاراستەى ڕووبارەکانى ئێران بۆ ناو خاکی عێراق، چەندین خۆپێشاندانى جەماوەرى لە باشوورى عێراق سەریان هەڵدا و تارانیش بەوە تۆمەتبار کرا "هەوڵى خنکاندنى عێراق دەدات". حەسەن جەنابی لە کۆنگرەیەکی تایبەت بە پرسی ئاو لە عێراق کە لە شارى هەولێر  ئەنجامى دا، گوتى: "ئێران چەندین بەنداوى لەسەر ڕێڕەوی ڕووبارەکانى خۆى دروست کردووە و زۆربەى ئەو ڕووبارانەش دێنە ناو عێراقەوە، بە تایبەت لە زێى خواروو و ڕووبارى دیالە".

ئەو وەزیرەى حکومەتى بەغدا بە دیکۆمێنت چەندین وێنەى بەنداوەکانى ئێرانى بۆ ئامادەبووان نمایش کرد و، دووپاتی کردەوە "بەشێکیان تەواو بوونەو بەشێکى دیکەشیان لە ژێر دروستکردندان". گووتییشى "عێراق دوایین بەنداوی لە پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو دروست کردووە، کە ئەویش بەنداوی دەربەندیخان بووە کە لە سەردەمی فەیسەڵی دووهەم دروست کراوە و لە کاتى عەبدولکەریم قاسم لە ساڵى ١٩٥٩کرایەوە".

جەنابی،  باسى لەوەش کردووە " بەنداوەکانى ئێران کۆنتڕۆڵى سەرجەم ڕێڕەوەکانى ئاوی دەربەندیخانیان کردووەو، هاتنى ئاویشى بە ئاستێکى بەرچاو کەم بووەتەوە"، جەختی لەوەش کردەوە "بەنداوەکانى ئێران بچووکن، بەڵام ژمارەیان زۆرەو، بووەتە هاوشێوەى بەنداوە گەورەکان".

بەسەرییەکانى عێراق بە هۆى گرتنەوە و سوێرکردنى ئاو لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە، تووشى بێ ئاوى بوونەتەوە

بەسەرییەکانى عێراق بە هۆى گرتنەوە و سوێرکردنى ئاو لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە، تووشى بێ ئاوى بوونەتەوە

 

لەلایەن خۆیشیەوە مەحمەد ڕەزا حاجی ڕەسووڵی، بەرێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى بەڕێوەبردنى سەرچاوە ئاوییەکانى ئێران گوتى "لە ٧ تشرینى یەکەم (سەرەتاى خەزەڵوەر)ـى ئەمساڵدا وڵاتەکەیان بە تێچووى ١٥ تریلیۆن تمەن، لە چوارچێوەى پلانێکى پێنج ساڵە ١٠٩ بەنداوی دروست کردووە".

ژمارەى ئەو لقە ئاوانەى سەرچاوەکەى لە ئێرانەوە دێنە نێو ڕووبارى دیجلە لە عێراقدا ٣٠ ڕووبارى بچووکە، کە سەدا ١٢ کۆى گشتى سەرچاوە ئاوییەکان پێک دەهێنێت، تارانیش لەم اوەى ڕابردوو ڕێڕەوی زۆربەیانى گۆڕیوە، تەنها لەسەر ڕووبارى کاروون، پێنج بەنداوی دروست کردووە. حکومەتى هەرێمى کوردستانیش لە ماوەى ڕابردوو دووپاتیکردەوە " ئێران ڕێڕەوی ئاوی کارونى بەتەواوی گۆریوەو، لەسەر ڕووبارى کەرخەش سێ بەنداوی دروستکردووە، کەدوو ڕووبارى سەرەکیی ئاوی هەرێم و عێراقن".

دابەزینى ئاستى ئاو لەعێراقدا مەترسییەکى گەورەیە بۆ بەغدا، بەتایبەت گواستنەوەى ڕێڕەوی ئاوەکان کاریگەرى لەسەر کەرتى کشتوکاڵى و جوڵەى دەریایی کردووە، بەتایبەت بۆ پارێزگاى بەسڕا لەباشوورى عێراق. هاوکات تورکیاش لە دواى تەواوبوونى بەنداوی ئەلیسۆ لە کانونى دووهەم (ڕێبەندان)ـى ٢٠١٨، ئاستى ئاوی دیجلە ٥٠% کەمی کردووەو، ڕێژەی سوێری ڕووبارەکانیشی بە شێوەیەکى مەترسیدار بەرز کردووەتەوە، هەمووى لە شەتولعەرەبی بەسرە کۆ بوونەتەوە.