Skip to main content

ئێران بانگەشەى ساختە بۆ هێزەکانى دەکات

ئێران بانگەشەى ساختە بۆ هێزەکانى دەکات
کۆمارى ئیسلامى بۆ شاردنەوەى ڕفاندنى ئەفسەرو سەربازەکانى، بانگەشەى بەهێزکردنى مووشەکە بالیستییەکانى کردووە
posted onOctober 16, 2018
nocomment

 

کۆماری ئیسلامى ئێران بۆ شاردنەوەى شکستە سیاسی و سەربازییەکانى، خەریکى پەرەپێدانى بانگەشەى میدیاییە لەتوانا سەربازییەکانى، بەتایبەت لەبوارى مووشەکی بالیستى.

 

هەنگاوەکانى تاران بۆ دەرخستنى هێزى مووشەکی لە کاتێکدایە، پەیوەندییە دیپلۆماتى و سیاسییەکانى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان گەیشتۆتە ئاستێکى مەترسیدار، بەتایبەت لە دواى کشانەوەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى هەردوو وڵات.

کۆماری ئیسلامى بەردەوامى بە بانگەشەى جەنگیی خۆی داوە و لە دوایین هەنگاویشیدا بۆ شاردنەوەى شکستى ڕفاندنى چەندین ئەفسەرو سەربازی هەواڵگری لە نزیک سنوورى پاکستان، بانگەشەى بەهێزکردنى مووشەکە بالیستیەکانى کردووە. بەرپرسێکى باڵاى سوپاى ئەو وڵاتەش ڕایگەیاندووە "ئاستى دوورى مووشەکە بالیستییەکانی زەمین ـ دەریا بۆ سنوورى ٧٠٠ کلیۆمەتر بەرز کراوەتەوە"، بەبێ ئەوەى زانیارییەکانى بە بەڵگەوە پشتڕاست بکاتەوە.

هەوڵەکانى ئەو وڵاتە، هاوکاتە لەگەڵ قەیرانە ئابووری و ئاڵۆزبوونى ئاستى بژێوى هاووڵاتیان و داڕمانى بەهاى دراوى نیشتیمانییە، کە هاووڵاتیانى کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، بە بێ ئەوە حکومەتى تاران چارەسەرێکی تەواوی بۆ کێشەکانى بدۆزێتەوە. ترامپ، دواى دەستبەکاربوونى لە ئیدارەى کوشکی سپی وەک سەرۆکى ئەمریکا، کارى لەسەر کشانەوەى لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ کرد و کۆمەڵێک سزای ئابووری و سیاسی بەسەر تاران سەپاند، یەکەم قۆناغی سزاکانیش لە سەرەتاکانى ئاب (سەرەتاى خەرمانان) دەستیان پێ کرد و بڕیاریشە لە تشرینى دووهەم (سەرەتاى سەرماوەز)ـى داهاتوو قۆناغی دووهەمى بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بەگووتەى ئاژانسى هەواڵى فارسی فەرمی لەسەر زارى ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەى هێزە ئاسمانییەکانى سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە "سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنى مووشەکێکى باڵیستى زەمین ـ دەریایی، ئەو مووشەکانەش کروز نین، بەڵکو لە دووری ٧٠٠ کیلۆ مەتر ئامانجەکانى بپێکێت"، ئەوەش لەکاتێکدایە کۆماری ئیسلامی لە ماوەى رابردوو، چەندین شکستى سەربازی و فرۆکەوانى ڕووبەڕوو بووەتەوە، کە لە ڕێگەى میدیاکانەوە بانگەشەى سەرکەوتنى دەکرد.

بەهێزترین ئەو شکستانەى تاران دروستکردنى فرۆکەیەکى سەربازیی بووە، کە بانگەشەى ئەوە دەکرد "دروستکردنەکە سەرکەوتوو بوون"، بەڵام دواى چەند ڕۆژێک لەکاتی تاقیکردنەوەی فڕۆکەکە کەوتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەش گیانى لە دەست دا.

چاودێران پێیان وایە "بانگەشەکانى ئێران لە هەرایەکى دەنگی زیاتر هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە ".