Skip to main content

خواردنەوە کحولییە ساختەکانى ئێران ژیانى هاووڵاتیانى خستووەتە مەترسییەوە

خواردنەوە کحولییە ساختەکانى ئێران ژیانى هاووڵاتیانى خستووەتە مەترسییەوە
.
هەر لەم ماوەیە بەهۆى کحولى دەستکردنەوە 27 کەس گیانیان لەدەست داوە
posted onSeptember 30, 2018
nocomment

 

گوتەبێژى دامەزراوەى فریاگوزاری ئێرانی ئاشکراى دەکات "بەهۆى خواردنەوە کحولییەکان ساختەکانەوە 27 کەس گیانیان لەدەست داوە و، 302 کەسى دیکەش ژەهراوی بوونە".

ئاماژەى بەوەشداوە " ئەو خواردنەوە کحولییانە هیچ ستاندارێکی تێدا نەبووەو، زۆربەى قوربانیەکانیش لە پارێزگاکانى هورمزگان،  بەرز، خوراسانى باکوور، کهگیلویە، بوێر ئەحمەد بوون". موجتەبی خالیدی، راشی گەیاندووە "ئەو حاڵاتانەش لەماوەی هەفتەیەکدا تۆمارى سەرجەم نەخۆشخانەکانى وڵاتەکەیان بووەو، زۆربەى گیان لەدەستدانەکانیش لەهورمزگانی باشوورى وڵات بووە".

جەختى لەوە کردووەتەوە "229 کەس هێشتا لەنەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە، کە 15 یان لەژێر چاودێری تووندی پزیشکدایە". هاوکات لەبەندەر عەباسی پارێزگای هورمزگان گیان لەدەستدانى هاووڵاتیان گەیشتۆتە 17 کەس و 217 کەسیش ژەهراوی بوونە. دەسەڵاتدارانى ئەمنى ئەو وڵاتەش بەهۆى ئەو رووداوە چوار کەسیان بەتێوەگڵانیان لەو پرسە دەستگیر کردووە، کەدروستکەرو بەرهەمهێنەرو دابەشکاری ئەو خواردنەوە کحولییە بوونە لەبەندەر عەباد.

ئەوەشیان گووتوە " یەکێک لەدەستگیرکراوەکان لەماڵى خۆیان کارگەى دروستکردنى خواردنەوە کحولییەکانیان دامەزراندووە".

لەدواى دامەزراندنى کۆمارى ئیسلامی لەو وڵاتە " ەکارهێنان و کڕین و فرۆشتنى خواردنەوە کحولییەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، تەنها بەشێک لەدیپلۆماتە بیانییەکان و، کەمینە ئایینییەکان نەبێت، بە پێی یاساش هەر کەسێک لێی بگیرێت، ئەوا سزا دەدرێت، چونکە بەهەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە". ژەهراوبوونى هاووڵاتیان لەو وڵاتە کەیسێکى نوێ نییە، بەڵکو لەساڵى رابردوو پێنج کەس گیانیان لەدەستداو، ١١٤ کەسى دیکەش ژەهراوی بوونە، کاتێک لەناوچەى سیرجان، باشوورى کرمان خواردنەوە کحولییەکانیان خواردووە.

ئاژانسەکانى تاران جەختیان لەوە کردۆتەوە " ئەوانەى گیانیان لەدەستداوەو، ژەهراوی بوون تەمەنیان لەنێوان ١٧ بۆ ٥٠ ساڵى دەبێت، لەنێویاندا ئافرەتیش هەبووە". لە کەرەجی پارێزگاى بەرز هاوسنوورى تارانی پایتەخت ژمارەى ژەهراویبوونی هاووڵاتیان بە خواردنەوە کحولییەکان گەیشتۆتە 45 کەس، لەپاڵ ئەوانەشدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەساڵى ٢٠١٤ هەمان ئەو کەیسەى ئەمساڵ لەرەفسەنجان 355 کەس ژەهراوی بوون و، ١٢ کەسیش گیانیان لەدەستدا، کاتێک لەئاهەنگ گێرانێکدا خواردنەوە کحولییەکانیان بە کار هێنابوو. بەگووتەى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى تاران دروستکردنى ئەو خواردنەوەیانە لەرێژەیەکى زۆرى میتانۆل، کە بۆ بۆیەکردن و لەزگە بەکاردەهێنن، پێکهاتووە.

ساڵانەش بەهۆى ئەو خواردنەوەیە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەست دەدەن و، زۆربەشیان تەمەنیان لەخوار ٣٥ ساڵییەوەیە.