Skip to main content

داڕمانێکى گەورە لەبەردەم ئابوورى ئێران دایە

داڕمانێکى گەورە لەبەردەم ئابوورى ئێران دایە
posted onSeptember 27, 2018
nocomment

 بەهۆى لێدوانەکانى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان و، نزیکبوونەوەى قۆناغی دووهەمى سەپاندنى سزا ئابوورییەکان بەسەر ئێراندا، بەهاى دراوى ئەو وڵاتە رووبەرووى داڕمانێکى گەورەتر دەبێتەوە، بەئاستێکى لەماوەى چەند کاتژمێرێک بەئاستێکى چاوەڕواننەکراو دابەزین.

لەپاش کشانەوەى تاکلایەنانەى ئەمەریکا لەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران  لەئایاری رابردوو، بەهاى تمەن بەسەدا 78 پاشەکشێی کردووە.

هەریەک لەتاران لەگەڵ شەش وڵاتى جیهانى بۆ سنووردار کردنى بەرنامە ئەتۆمییەکەى لەتەمموزی 2015 رێکەوتننامەیەکیان واژۆ کرد، بەڵام دواى دەستبەکار بوونى دۆناڵد ترامپ، وەک سەرۆکى نوێی ئەمەریکا لە 2017 لەو رێکەوتننامەیە کشانەوەى وڵاتەکەى راگەیاند.

واشنتۆن لەسەرەتاکانى ئابی رابردوو پاکێجی یەکەمی سزا ئابوورییەکانى بەسەر ئێراندا جێبەجێکرد، کەتایبەت بوون بەسێکتەرەکانى پیشەسازی، بانکی، ئاڵوگۆری دۆلار، ئۆتۆمبێل و بازرگانی.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەسەرەتاکانى تشرینى دووهەمى داهاتوو، قۆناغی دووهەمى سزا ئابوورییەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، کەتایبەت دەبن بەکەرتى ووزەو نەوت.

دووبارە سەپاندنەوەى سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا بەسەر ئەو وڵاتە، فشارەکانى بۆ سەر دراوی ناوخۆیی ئێران توندتر کردووەو، تەنها یەک رێگاى جوڵەکردنى بۆ جێهێشتووە، ئەویش بەرەو دابەزینى زیاتر هەنگاو بنێت.

چاودێران ئاماژە بەوەش دەکەن " لەگەڵ نزیکبوونەوەى خنکاندنەکانى ئەمەریکا بۆ سەر سەرجەم کەرتە ئابوورییەکانى وڵات، ئاڵۆزی زیاتر لەنێوخۆی تاران دروست دەبێت."

ماڵپەرى بۆنباست، کەیەکێکە لەو ماڵپەرانەى تاڕادەیەک متمانەیەکى باوەڕپێکراوى هەیە دەریخستووە " بەهاى هەر دۆلارێکى ئەمەریکى گەیشتۆتە سنوورى 19 هەزار تمن، بۆ هەر دۆلارێکى ئەمەریکی"، بەڵام ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانى ئەو وڵاتە هیچ زانیارییەکى وورد لەبارەى قوڵایی ئەو داڕمانە باس ناکات، چونکە ئەنجامدانى ئاڵوگۆری بەهاى دۆلار زۆر شاراوەیە.

راپۆرتە داراییەکان دەریانخستووە " زۆربەى نووسینگەکانى ئاڵوگۆری دراو لەئێران دەرگاکانیان بەهۆى نەبوونى دراوى بیانى داخستووە"، تەنانەت لافیتەیان لەسەر نووسینگەکانیان هەڵواسیوە بەوەى " هیچ دراوێکی بیانیان لا دەست ناکەوێت."

زۆربەى هاوڵاتیانى کۆماری ئیسلامی ترسیان لەدەستدانى بەهاى پارەکانیان بەسەر نیشتووەو، دەستیان بەراوەدونانى شوێن پێی سەرجەم دراوە بیانیەکان دەکەون، ئامادەشن نرخى زیاتر لەوەى لەبازاڕەکاندا بدەن بۆ بەدەستهێنانى.

توقینەکانى ئێرانییەکان لەدواى لێدوانەکانى ترامپ، لەکۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر بوون کاتێک رایگەیاند " سوورن لەسەر تووند کردنى سزایەکان بەشێوەیەک وێنەى نەبێت، بۆ ئەوەى تاران هەڵسوکەوتى خۆى بەتایبەت لەناوچەی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بگۆرێت."

بەڵام حەسەن روحانى، سەرۆکى کۆمارى ئێران لەووتەیەکیدا لەهەمان شوێندا گووتى " ئەمەریکا جەنگێکى ئابوورى دژى وڵاتەکەیان ئەنجامداوە"، بەبێ ئەوەى باس لەئاڵۆزییە ناوخۆییەکانى وڵاتەکەى و دەستێوەردانى حکومەتەکەى لەکاروبارى زۆربەى وڵاتانى ناوچەکە بکات.

پێشبینى دەکرێت " داڕمانى بەهاى تمن، ڕەنگدانەوەى لەسەر هەموو شێوازەکانى ژیان لەناوخۆى ئەو وڵاتە هەبێت، بەتایبەت لەلاواز بوونى تواناى ئاستى کڕین."

جگە لەوانەش سەرهەڵدانەوەى خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان لەهەر سات و کاتێدا، خاڵێکى دیکەى مەترسییەکانى تارانە لەهەر شڵەژانێکی ئابووری.

مانگرتنى بارهەڵگرانى گواستنەوەى سووتەمەنى، قەیرانێکى دیکەى بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دروستکرد، کەبەهۆى کەمیی کرێیەکان و خراپی ڕەوشى ژیانیان مانگرتنێکى گشتیان راگەیاندبوون، بەو هۆیەوەش نۆرەیەکى زۆرو قەرەباڵغ لەبەردەم وێستگەکان دروست کرد.

بارهەڵگرەکان لەپارێزگاکانى ئەسفەهان، هرمزغان، خوراسانی باشوور، مانگرتنەکانیان دەست پێکردبوو، ئەمەش دووهەم هەنگاوی ئەو شۆفێرانەیە کەیەکەمجار لەئایاری رابردوو دژى بەرزبوونەوەى نرخەکانى دڵنیایی و کرێ بوون.

ئێران تائێستا ئومێدێکى بەهەوڵەکانى بەشێک لەوڵاتانى یەکێتى ئەورۆپا هەیە، بۆ ئەوەى تاڕادەیەک هەناسەیەک لەژێر فشارى سزاکان هەڵمبژێت، بەڵام پێناچێت ئەو هەوڵانە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

چونکە کشانەوەى بانکی بی پی ئای فرانسی حکومەتى فەرەنسا، هیمایەکە بۆ شکستهێنانى هەوڵەکانى پاریسە کەکاری لەسەر دروستکردنى ئالیەتێکى نوێی دەدات بۆ دەرباز بوون لەسزاکانى ئەمەریکا دژى تاران.

لەلایەن خۆیەوە پەیمانگەى پارەدارکردنى نێودەوڵەتى ئاشکراى دەکات " پێش جێبەجێکردنى قۆناغی دووهەمى سزاکانى واشنتۆن، هەناردەکردنى ئێران بەشێوەیەکى گەورە پاشەکشێ دەکات، ئەگەری ئەوەش هەیە داکشانى ئابوورى ئەو وڵاتە لەساڵى داهاتوو لەسنوورى سەدا 4 بێت."

گووتیشى " هەناردەکردنى تاران لەنەوتى خاو و سەرچاوە نەوتیەکانى بەئاستى 0.8 ملیۆن بەرمیل دابەزینى بەخۆیەوە بینیوە، ئێستاش لەخوار دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا هەناردە دەکات."