Skip to main content

لە خۆپێشاندانەکەی مۆسکۆ سەدان کەس قۆڵبەست کراون

لە خۆپێشاندانەکەی مۆسکۆ سەدان کەس قۆڵبەست کراون
AvaToday caption
posted onJuly 28, 2019
nocomment

پۆلیسی مۆسکۆ ٥ گەلاوێژ هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەیەکی ناڕازییانی ئەو وڵاتە و زیاتر لە ١٠٠٠ کەسی قۆڵبەست کرد. ئەو خۆپێشاندانە بە هۆی ناڕەزایەتی بە ڕەتکردنەوەی پاڵێوراوانی دژبەری دەوڵەت لە هەڵبژاردنی ناوچەیی مانگی ئایندە بەڕێوە چوو.  بی بی سی لە بارەی هەڵکوتانە سەری پۆلیسی ڕووسیە بۆ سەر خۆپێشاندەران نووسیویەتی ئەو کارەی پۆلیس یەکێک لە گەورەترین سەرکوتەکانی ساڵانی ڕابردووی ئەو وڵاتە بوو.

ئەگەرچی بەرپرسانی ناوچەیی دەڵێن، ئەو پاڵێوراوانەی ڕەتکراونەوە نەیانیتوانیوە واژۆی پێویست بۆ پشتیوانی لە پاڵێوراوی خۆیان کۆ بکەنەوە، بڵام ناڕازییان هۆی ڕەتکرانەوەی پاڵێوراوان بە تەواوەتی بە سیاسی دەزانن. بەرپرسانی ناوچەیی لە مۆسکۆ دەڵێن ١٠٧٤ خۆپێشاندەر دەستبەسەر کراوە و ناڕازییان باس لە گیرانی ١١٢٧ کەس دەکەن.

ئەلێکس ناواڵنی ڕێبەری دژبەران و گەورە ڕەخنەگری ڤلادیمیر پۆتین ڕۆژی چوارشەممە دوای راگەیاندنی بەڕێوەچوونی ئەو خۆپێشاندانە بە ٣٠ ڕۆژ زیندانی سزا درا. لە خۆپێشاندانەکەنی ڕۆژی شەممە، ٥ ی گەلاوێژ دەیان هەزار کەس لە دژی هەڵبژاردنی سپتەمبری ئایندە ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنی ئازادانەیان دەکرد.

پۆلیسی ڕووسیە دەڵێ ڕێژەی ناڕازییان ٣٥٠٠ کەس بووە کە لەو ڕێژەیەش ٧٠٠ کەسیان ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێر بوون! دیمیتری گۆدکوف، پاڵێواراوێکی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و یەکێک لە دژبەرانی دەوڵەتی ڕووسیە لە تویتێکدا نووسیویەتی: ئەنجوومەنەکان لە ژێر چاوەدێری پۆتین مردن.

ڕۆژنامەنووسێکی ڕەخنەگری دەوڵەت سەرکوتی خۆپێشاندەرانی مۆسکۆی شەرمەزار کرد. "نوایا گازتا" کە یەکێک لە بەناوبانگترین ڕۆژنامەنووسەکانی ڕەخنەگری دەوڵەتە بە نووسینی بابەتێک لە ژێر ناوی "تیرۆر لە شاری مۆسکۆ" ڕایگەیاندووە بەرپرسانی بە هۆی لاوازی سیاسی دەستیان بە سەرکوت کردووە.

عەباس گاڵیاموف کە شرۆڤەکارێکی سیاسەتی ڕووسیەیە لەمەڕ خۆپێشاندەران و سەرکوتکردنیان لە لایەن پۆلیس نووسیویەتی: کاردانەوەی بەرپرسان بە جۆرێکە کەمترین کەس بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکات.