Skip to main content

ئێران دواى سووتاندنى قونسوڵخانەکەى لە بەسرە ئاژاوەگێری دروست کردووە

ئێران دواى سووتاندنى قونسوڵخانەکەى لە بەسرە ئاژاوەگێری دروست کردووە
دانیشتووانى پارێزگای بەسرە سوورن لەسەر داواکردنى مافەکانیان و درێژەدان بە خۆپێشاندان
ئێران دواى سووتاندنى قونسوڵخانەکەى لە بەسرە ئاژاوەگێری دروست کردووە
posted onSeptember 11, 2018
nocomment

 

پێشهاتەکانى بەسرە لە باشوورى عێراق لەم چەند ڕۆژەى دواییدا خێراییەکى بەرچاوى بە خۆیەوە بینیوە، بە ئاستێک حکومەتى ناوەندی ئەو وڵاتە "حاڵەتى لەناکاوی لەو شارەو پایتەختى عێراق ڕاگەیاندووە".

 

پاش سووتاندنى قونسوڵخانەى کۆماری ئیسلامى لە لایەن خۆپێشاندەرانى بەسرەوە، بە تۆمەتى پاڵپشتیکردن لە گەندەڵکاران و پیسکردنى ژینگەى شارەکەیانەوە سووتێنرا. لەسەر ئاستى حکومەتی عێراقدا، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچوو بڕیاری گۆڕینى فەرماندەى گشتى ئۆپەراسیۆنى بەسرە داوە و، لە جێگەى ئەو کەسێکى لە نێو دەزگاى هەواڵگری ڕاسپاردووە، ئەرکەکانی ئۆپەراسیۆنى بەسرە بەرێوە ببات.

یەحیا ڕەسووڵ گوتەبێژى ناوەندی ڕاگەیاندنى ئەمنى عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕوونی کردەوە "فەریق ڕەشید فلیح جێگەى فەریق ڕوکن جەمیل شەمەری، وەک فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەسرە دەست بەکار دەبێت".

ئاماژەى بەوەش داوە "فەرماندەى نوێی ئۆپەراسیۆنەکان هزرێکى هەواڵگری هەیەو، ڕەوشەکەى بەسرەش پێویستی بەکەسایەتییەکى لەو شێوەیە هەیە". فلیح دواى دەستبەکار بوونى، دەستى بە ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنى چالاکوانان و کەسایەتییە دیارەکانى نێو خۆپێشاندەرانى بەسرە کردووە کە ماوەى دوو مانگە بۆ دابینکردنى خزمەتگوزاری و ئاوی خواردنەوە و، چارەسەرکردنى پێسبوونى ژینگەکەیان ڕژاونەتە سەر شەقام.

کۆمارى ئیسلامى بووەتە بەڵاى عێراقییەکان

کۆمارى ئیسلامى بووەتە بەڵاى عێراقییەکان

 

سەرەڕای بڵاوەپێکردنى ژمارەیەکى زۆرى هێزە ئەمنییەکان لە سەرجەم شەقام و شوێنە سەرەکییەکانى بەسرە، بەڵام دانیشتووانى ئەو پارێزگایە بۆ داواکردنى مافەکانیان سوورن لە درێژەدان بە خۆپێشاندان و دەڕبرینی داواکانیان. نەقیب لەعێبی یەکێک لە چالاکوانەکانى بەسرە بە تۆڕی میدیایی ئاڤا تودەى ڕاگەیاند "ئەوان باڵەخانەى پارێزگا و ئەنجوومەنى پارێزگایان نەسووتاندووە، ئەوە گەندەڵکاران بوون، بۆ ئەوەى ڕێڕەوی خۆپێشاندانەکان بگۆڕن".

ئاماژەى بەوەش داوە "هۆکاری درێژەدان بە خۆپێشاندانەکان، نەبوونى ئاوی خواردنەوەو پیسبوونى ژینگەیە لە لایەن ئێرانەوە کە هەرچى پاشەرۆى ژەهراوی هەیە ئاراستەى ئاوی شەتولعەرەبی کردووە". گووتیشى "سووتاندنى قونسوڵخانەى ئێران لە بەسرە بەهۆى پاڵپشتیکردنى حزبە گەندەڵکارانی وڵات بووە، لە پاڵ ئەوانەش ئێران 31 ڕووباری بە ئاراستەى شەتولعەرەب گرتووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆى توڕەبوونى خەڵکى بەسرە بەرامبەر سەرپێچییەکانى ئێران دژى عێراق". ئێستاش دەزگا هەواڵگرییەکانى عێراق لیستێکى ئامادە کردووە بۆ ئەوەى لەماوەى داهاتوو دەست بەدەستگیر کردنى ژمارەیەک کەسایەتى چالاکوان و دیارەکانى نێو خۆپێشاندانەکان بکات.

هەر دواى سووتاندنى قونسوڵخانەى ئێران، ژمارەیەک خوومپارەو مووشەک نران بە فڕۆکەخانەى بەسرە و قونسوڵخانەى ویلایەتە یەکگرتووەکان، بێ ئەوەى زیانێکى ئەتۆى هەبێت. چەند کاتژمێرێکیش لە پاش هێرشى خۆپێشاندەران بەسەر قونسوڵخانەى تاران لە بەسرە، سێ تەقینەوە لە تەنیشت نەخۆشخانەى سەدر لە ناوەڕاستى ئەو شارە ڕووی دا.