Skip to main content

کەرتى فرۆکەوانى کۆمارى ئیسلامى خوێنى لێ دەتکێ

کەرتى فرۆکەوانى کۆمارى ئیسلامى خوێنى لێ دەتکێ
ئەمریکا پاش بە بارمتەگرتنى دیپلۆماتیکەکانى لەساڵی 1979 سزاى خستە سەر کەرتى فرۆکەوانى مەدەنى ئێران
فڕۆکەکانى ئێران لە کار کەوتوون و تواناى فڕینیان نەماوە
posted onSeptember 10, 2018
nocomment

 

کەرتى فرۆکەوانى کۆماری ئیسلامی لە دواى شۆرشى ئیسلامی لە 1979 ـى سەدەى رابردووەوە، بە خراپترین و مەترسیدارترین کەرتى ئابوورى ئەو وڵاتە دادەنرێت.

 

بەپێی راپۆرتە ئابوورییەکان "لە دواى رێککەوتنە ئەتۆمییەکەى تاران و شەش هێزە زلهێزەکەى جیهان لە 2015، ئێران ئومێدەوار بوو بتوانێت ئەو کەرتە ئاسمانییە نۆژەن بکاتەوە و لە خراپی فرۆکەکانى دەرباز بێت، بەڵام کشانەوەى لەناکاوی ئەمریکا لەو رێککەوتنە خەونەکانى ئەو وڵاتە بوونە هەڵم".

زۆربەى فرۆکەکانى ئێران تەمەنى یاساییان بەسەرچووە و، بەهۆى سزا ئابووریی و نێودەوڵەتییەکانیش ئەو وڵاتە نەیتوانیوە پارچەى یەدەگ بۆ فرۆکەکانى دابین بکات. هۆشەنگ شەهبازی، یەکێکە لەو فرۆکەوانە بەناوبانگانەى ئێران رایگەیاندووە "زۆربەى کێشەکانى فرۆکەکانى ئێران لە بنەڕەتدا تەکنیکین، چونکە ژمارەى فرۆکەکانیان کەمەو، پارچەى پێویستیش بەردەست نییە بۆ چاککردنەوەى کێشەکانی".

کۆى گشتى کەشتى ئاسمانى کۆمارى ئیسلامی ئێران لە سنوورى 300 فرۆکەى مەدەنییە، کە زۆربەى لە لایەن کۆمپاکانى ئێرباسی ئەورۆپی و بۆینگی ئەمریکی و ئی ئار تی فەرەنسى ـ ئیتاڵی و فۆکەرى هۆڵەندی (لەساڵى 1996 پیشەسازی فرۆکەى راگرتووە) دابین کراون. سەدا 70 ـى ئەو فرۆکانە لە لایەن کۆمپانیا تایبەتییەکانەوە خاوەندارێتى دەکرێت و، ئەوانی دیکەش لەلایەن کۆمپانیاکانى حکومەتەوە بەرێوەدەبردرێن.

رەزا جەعفەر زادە گوتەبێژی رێکخراوى فرۆکەوانى مەدەنى ئێرانی ئاشکرای دەکات "بەهۆى سزاکانى سەر وڵاتەکەی، ئەندازیارەکانیان پارچەى دروستکراو بەکار دەهێنن". دووپاتیشی دەکاتەوە "زۆربەى فرۆکەکانیان بە بەراورد لەگەڵ تەمەنى بەکارهێنانیان سەرووى سێ دەیەیە بەکار دەهێنرێن".

ویلایە یەکگرتووەکان لە دواى ئاڵۆزییەکانى بارمتە دیپلۆماتیکەکانى لەساڵی 1979، سزاى خستە سەر کەرتى فرۆکەوانى مەدەنى ئێران، لەدواى 1995 سزاکانى فراوان کردو، کردییە بایکۆتکردنێکى بازرگانى تەواو. لەدواى ئەو ساڵەوەش 74 فرۆکەى مەدەنى و سەربازی ئێرانى تێکشکاون، کە دوایین رووداوی تێکشکانیش لە 18 شوباتى رابردوو بوو، کاتێک فرۆکەیەکى مەدەنى لە تارانەوە بۆ یاسوج لە باشوورى رۆژئاواى ئێران کەوتە خوارەوەو 66 کەس کوژران.

دیمەنێک لە شینى ئەو ژنانەى کەسوکاریان لە تێکشکانى فڕۆکەى ئێرانى لەدەست داوە

دیمەنێک لە شینى ئەو ژنانەى کەسوکاریان لە تێکشکانى فڕۆکەى ئێرانى لەدەست داوە

 

جگە لەوانەش لەساڵى 2014، فرۆکەیەکى کۆمپانیاى سپاهان دواى هەستانى لە تاران کەوتە خوارەوەو،  39 کەس کورژران، جۆری فرۆکەکەش ئەنتۆنۆف کەبە ئێران 140 ناسراوە، بەو ئەو رووداوەش بەکارهێنانى ئەو جۆرە فرۆکانە لەسەرتاسەرى ئێران راگیران.

لەساڵى 2011 فرۆکەیەکى کۆمپانیاى فرۆکەوانى ئێرانى کاتێک لە تارانەوە بەرەو ورمێ بەڕێ دەکەوێت، بەردەبێتەوە و 78 کەسى سەرنیشینەکەى دەمرن و، هەر لەساڵى 2009 ـشدا بەهۆى کەوتنە خوارەوەى فرۆکەیەکى تۆپۆلیف تی یو 154 ـى رووسی 168 کەس دەکوژرێن.

لەساڵى 2006 فرۆکەیەکى ئەنتۆنۆف 74 ـى سوپای پاسداران، کاتێک لە فرۆکەخانەى میهر ئاباد هەڵدەستێت، بەخێرایی بەردەبێتەوە و 36 کەسى تێدا دەکوژرێت، کە زۆربەی سەربازانى ئەو سوپایە بوون، لە هەمان ساڵیشدا فرۆکەیەکى تۆپۆلیف تو 154 ـى کۆمپانیاى ئیران ئەیر تور، لە فڕۆکەخانەى مەشهەد بەردەبێتەوە و لە کۆى 148 کەسدا 28 کەس دەکوژرێن و 50 کەسیش بریندار بوون.

گرنگترین کەوتنەخوارەوەى فڕۆکەکانى ئێران لە ساڵى 2005 بوون، کاتێک فرۆکەى سی 130 ـى سوپاى ئەو وڵاتە کۆمەڵێک رۆژنامەنووس و سەربازان دەگواستەوە، لە ناوەڕاستى تاران بەسەر کۆمەڵگەیەکى نیشتەجێبوون بەردەبێتەوەو 110 کەسى سەرنیشینەکەى و ژمارەیەک دانیشتووی ئەو کۆمەڵگەیە دەکوژێت. هەر لە ساڵى 2003 شدا، فڕۆکەیەکی ئی ئێڵ لە باشوورى ئێران دەکەوێتە خوارەوەو 203 کەسی سەرنیشینەکەى دەکوژرێن. خراپی فرۆکەکانى ئێران، مەترسیی گیان لەدەستدان زیاتر دەکات و، زیانی ئابووری گەورەتریش لەو وڵاتە دەکات.

دیمەنێک لە هێڵکارى دواهەمین کارەساتى فڕۆکەوانى ئێران

دیمەنێک لە هێڵکارى دواهەمین کارەساتى فڕۆکەوانى ئێران

 

هەرچەندە لە کانوونى یەکەمى 2016 تاران لەرێگەى وەزارەتى گواستنەوەو رێگابان گرێبەستێکی کڕینى 100 فرۆکەى لەگەڵ ئێرباس واژۆ کرد، بەڵام تا ئێستا سێ فرۆکەى وەرگرتۆتەوە، هۆکارەکەش بۆ کشانەوەى واشنتۆنە لەرێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بووە، کە لە ئایاری ئەمساڵدا چووە بوارى جێبەجێکردنەوە. ئەمریکا لە دواى کشانەوەى لەو رێککەوتنە کۆمەڵێک سزاى ئابوورى نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندو، داواشى لەوڵاتانى جیهان کردووە پابەندی سزاکان ئەبن، ئەگینا رووبەرووى هەمان سزا دەبنەوە، ئەمەش کۆمپانیاکانى ناچار کردووە "وەبەرهێنان و ئاڵوگۆرە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە رابگرن".

ئیفلیج بوونى ئێران لەنۆژەنکردنەوەى کەشتیە ئاسمانیەکانى، ئەو وڵاتە دەگەرێنێتەوە چوار گۆشەى یەکەم، کەنەیتوانى سوود لەو پانتاییە وەربگرێت کەلەدواى 2015 ـەوە بۆى کرایەوە، ئەمەش بەهۆى گەندەڵى و نەبوونى پلانى چارەسەر کردنى ئابوورییەوە روویداوە.