Skip to main content

دواى زیادکردنى پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران زیاتر بووە

دواى زیادکردنى پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەگەری هێرشە سەر ئێران زیاتر بووە
AvaToday caption
posted onJuly 4, 2019
nocomment

 

ڕاپۆرتی تایبەتی ئوڤاتوودەی:

 

هاوکات لەگەڵ دژکردەوەی دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا بە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئیسلامی ئێران لەمەڕ هەنگاوەکردەییەکانی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ بۆ پیتاندنی زیاتر لە ئاستی ۳.٦۷٪ی یۆرانیۆم ، ئەگەری هێرشی یەک لایەنەی ئەسرائیل بۆ سەر ئێران و مۆڵگە ناوکییەکانی زۆرتر بووەتەوە.

حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەمە ۱۲ی پووشپەڕ لە کۆبوونەوەی دەوڵەتەکەیدا گوتبووی کە کۆماری ئیسلامی لە ۱٦ی پووشپەڕەوە هەڵکشانی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی کە تا ئێستا ۳.٦۷٪ بووە، دەسپێدەکا، ڕۆحانی لەنێو قسەکانی بە تەشەرەوە و ڕوو بە ئەورووپاییەکانی گوت کە ئەگەر دەتانهەوێ بڵێن بەداخین هەر لەئێستاوە ئەم وشەیە ئامادە بکەن.

دۆناڵد ترامپ کە پێشتر لە سەرەتاکانی ئەو حەوتە جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردبوو کە ڕژێمی ئێران خەریکی یاریکردن بە ئاگرە، چوارشەمەش چەند کاتژمێر پاش قسەکانی ڕۆحانی و لە وڵامی ئەودا گوتی "ئەنجامی ئەم ڕەوتە لە کۆتاییدا داوێنی ئێران دەگرێتەوە" و ڕژێمی ئێران ڕەنگە وڵامێک وەربگرێت کە بیری لێنەکردووەتەوە.

کاتێ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وتەکانی پێشووی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانی پشتڕاست کردەوە کە گوتبووی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران ئەو حەوتەیە  ئاستی ۳۰۰ کیلۆ تێدەپەڕێنێت، کارێک کە بەپێچەوانەی ڕێککەوتنەناوکییەکەیە، دۆناڵد ترامپ جەختی کردبوو کە هەنگاوەکانی ئێران هاندەرانەیە و بڵێسەی ئاگرەکە خۆی دەگرێتەوە؛ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیری ئەسرائیلیش لەو ڕۆژە گوتی کە کاتی گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەورووپا و ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەر ئێرانە. نەتانیاهۆ ناڕازیانە ڕوو بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی گوتی بۆ هەنگاوی پێویست هەڵناگرن؟ ئەم شێوە قسەکردنی نەتانیاهۆ ڕەنگە پێشەکییەک بێت بۆ پاساوکردنی کردەوەی سەربازی وڵاتەکەی دژی ماڵپەڕە ئەتۆمییەکانی ئێران.

هەستەىیی ایران

ماڵپەڕی خەبەری "نیوئەمریکا" نووسیویە کە بە هەڵکشانی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و تێپەڕبوون لەو هێڵەی کە لە ڕێککەوتنەکە دیاریکرابوو، زۆر کەس دڵەڕاوکێ هێرشی سەربازی ئەسرائیل بۆ سەر ئێرانیان هەیە.

سێناتۆر لیندزی گراهام کە لە ڕۆژانی ڕابردوو سەردانی ئەسرائیلی کردووە و لەوێدا "گەڵاڵەی جێگرەوەی" خۆی لەبری ڕێککەوتنە ناوکییەکەی خستبووە بەر دەست تا ڕنگە بەرپرسانی تاران بەرەو مێزی دانوسان ڕابکێشێت، لە وتووێژ لەگەڵ Face the Nation لە کەناڵی ئەمریکایی سی بی ئێس گوتی: هەنگاوی کردەیی ئێران بۆ تێپەڕاندنی ئاستی ڕێگەپێدراوی پیتاندنی یۆرانیۆم ئەگەری هێرشی سەربازی ئەسرائیل زیاتر دەکاتەوە.

بەوتەی سێناتۆر گراهام "ئەسرائیل ناتوانێ دان بە ئێرانێک بنێ کە دەستی بەچەکی ناوکی ڕاگەیشتووە و جیهانیش نابێ لەگەڵی هەڵکا... و من هیوادارم ترامپ پەیامێکی بەهێز هەناردەی تاران بکا کە ئەم ڕەوتەی ئەوان قەبووڵ ناکرێت."؛ پێدەچێ دۆناڵد ترامپ لە وڵامی ئەم قسەی سێناتۆر گراهام بووە کە گوتی پەیامێکم بۆ تاران نییە بەڵام ئێران دەبێ بزانێت کە خەریکی یاریکردن بە ئاگرە.

قسەگەلێک کە بەرپرسانی ئەمریکایی ڕەنگە تا ئێستا بە ئاشکرا ڕایاننەگەیاندووە، لە قسەکانی یێسرائێل کاتز، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی کاتی ئەسرائیل دەرخرا کە ڕۆژی دووشەمە گوتی: وڵاتەکەی بۆ بەشداری لە هێرشی سەربازی ئەمریکا و ئێران ئامادەیە.

ڕژێمی ئێران کە لە ڕواڵەتدا بانگەشەی ئەوە دەکا کە ئەمریکا و ئەسرائیل و یان بەگشتی کۆمەڵگای جیهانی توانای هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕژێمی ئێرانیان نییە، لە لایێکی دیکەوە بە هەڕەشەی زارەکی وەک قسەکانی ئەم دواییەی موجتەبا زۆلنوور، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی، هیوادارە کە ئەگەری مەترسی سەربازی دوور بخاتەوە.

روحانى و هەستەیی

بەپێ ڕاپۆرتی هەواڵدەری مێهر، زۆلنوور کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەجیاتی حیشمەتۆڵا فەلاحەت پیشە بووەتە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەڕلەمان، ڕۆژی دووشەمە ۱۰ی پووشپەڕ، گوتبووی لەئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەسرائیل لە ماوەی نیو کاتژمێر لەنێو دەچێت. فەرماندەیێکی سەربازی ئێرانیش لەو ڕۆژە باسی لە کەڵکوەرگرتنی ڕژێم لە چەکی نهێنی کردبوو کە تا ئێستا ئاشکرانەکراوەتەوە.

سەرەڕای ئەم بانگەشانە کە قەت ئەزموونی کردەیی نەبووە، دەبێ ببینین کە ئایا لە ئەگەری هێرشێکی سەربازی، ئەم چەشنە "چەکە نهێنیانە" یان "لەنێوبردنی نیوکاتژمێرەی ئەسرائیل" لە ئەمری واقیعدا مەجالێکیان بۆ خۆنواندن هەبێت یان وەک هێرشە بڕیسایبڕیسەکانی چوار ساڵی ڕابردووی ئەسرائیل بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران و حیزبۆڵای لۆبنان لە سووریا، بە بێدەنگییەک تێدەپەڕێت کە هەڵکەوتەی بێ هێزی و لاوازی کۆماری ئیسلامییە؟