Skip to main content

هەژارى تینى بۆ خەڵکى بەلوچستان و کچە بەلووچییەکان هێناوە!

هەژارى تینى بۆ خەڵکى بەلوچستان و کچە بەلووچییەکان هێناوە!
AvaToday caption
posted onMay 12, 2019
nocomment


 

زۆربەى بنەماڵە بەلوچییەکان (هورمزگان)، کچەکانیان لە پیاوانێک مارە دەکەن کە تواناى ماڵییان لە دروستکردنى خانوو و دابینکردنى کەلوپەل هەبێت و خراپى دۆخى ئابوورى ڕۆژهەڵاتى پارێزگاکە هۆکارە بەوەى کە پیاوانى تەمەن گەورە کچانى تەمەن بچووک بهێنن.

 

لە ڕۆژهەڵاتى پارێزگارى هورمزگان کە بەشێکە لە هەرێمى بەلوچستان، هەروەک جاسک و بشاگرد و لەبەر پێڕانەگەیشتنى دەسەڵات و خراپى ڕێگەوبان، کچان لە خوێندنى پاش قۆناغى بنەڕەتى (سەرەتایی) بێبەش دەبن و لەم ناوچانە چیتر کەس ناخوێنێت. ئەم کچانە لە پاش پۆلى پێنجى بنەڕەتییەوە ئیتر لە ماڵەوە خەریکى بەخێوکردنى منداڵ و خواردنلێنان و دروومان و زەرى بافین. زۆربەى ئامارى بەشوودانى منداڵانى پارێزگاى هورمزگان، لەم ناوچەیەن.

بە پێى ڕاپۆرتێکى عەسرى ئێران کە لە ئیسناى وەرگرتووە، هەژارى بنەماڵەکان هۆکارە بۆ دابینکردنى پێویستییەکانى خوێندنى کچان و کوڕانى بەلووچ. کوڕەکان دەتوانن پارە پەیدا بکەن بۆ بنەماڵەکەیان، بەڵام کچەکان ناچارن لە ماڵەوە بمێننەوە و وەک سەربار سەیر دەکرێن. هەروەها کێشەى فەرهەنگى وەک پیاوسالارى لەم پارێزگایە هۆکارە بۆ سەربەخۆیی و کارکردنى کچان و تێڕوانینى پیاوانە بۆ کێشە و پرسە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارە بۆ ئەوەى کچان هەر لە منداڵییەوە بە شوو بدرێن.

لە لایەکی دیکەوە، زۆربەى بنەماڵەکان بە هۆى کێشەى ماڵی، کچەکانى خۆیان دەدەنە پیاوانێک کە تواناى ئەوەیان هەبێت خانوو و کەلوپەلەکانى ناوى بکڕن. بنەماڵەى کچەکە زۆر پەیوەست نین بە تەمەنى پیاوەکەوە، هەڵبەت خواستى کچەکە بە هیچ شێوەیەک بۆ هاوسەرگیرى وەبەرچاو ناگیردێت و تەنانەت پرسیاریشى لێ ناکرێت، نەک هەر پرسیارى شووکردن و یا شوونەکردنیان لێ ناکرێت، تەنانەت ناتوانن پرسیاریش لەسەر مێردەکەیان و تەمەنەکەى بکەن و باوک و یا سەرپەرستى بنەماڵەکە ئەمە دیارى دەکات و کێشەش لەوە گەورەتر ئەوەیە کە زۆرێک لە هاوسەرگیرییەکان لە دەفتەرى هاوسەرگیرى و بە شێوەى فەرمى تۆمار ناکرێن و تەنیا بە شێوەى نەریتى و ئایینى و لە ڕێگەى مارەبڕینى مەلاوە کارەکە ئەنجام دەدرێت.

زیاتر لە دە ساڵ وشکەساڵى ئەو ناوچەیە کە هۆکار بووە بۆ خراپى دۆخى ئابوورى و ژیان و زۆربوونى ژمارەى بێکارى و زیادبوونى بنەماڵەى کەم داهات، هۆکارن لە گۆڕینى تەمەنى هاوسەرگیرى پیاوان لە ڕۆژهەڵاتى پارێزگاى بەلووچستان و بەتایبەتتریش جاسک و بشاگرد، واتە پیاوان لە چاو ڕابردوو ئێستا لە تەمەنێکى زیاتر و گەورەتر ژن دەهێنن، ژنەکانیشیان کچانى کەم تەمەن و بچووکن.

کۆمارى ئیسلامى هۆکارى سەرەکى بەدبەختى ئەم بنەماڵانە و ئەو کچانەیە کە بەم شێوەیە زوڵمیان لێ دەکرێن و بە مانى ئەم دەسەڵاتەش هیچ شتێک لە دۆخى بەلووچەکان ناگۆڕێت.

 

مریەم

مریەم فەلاحى تەمەنى ٢٧ ساڵان، لە ١٨ ساڵى شووى کردووە و ئێستا ٤ منداڵى هەیە و لە گوندى جێفرى دەژیت

کلسووم

کلسووم ساربانى فەرد، ٥٠ ساڵە، لە کاتى قلیانکێشان (نێرگەلە) و کاتبەسەربردن لەگەڵ ژنانى دیکەى گوندى جیفرى

زەهرا

زەهرا ٢٠ ساڵە لەگەڵ منداڵى سێیەمى خۆى، پەریساى یەکساڵە و هاوڕێکەى مریەمى ١٤ ساڵە کە خەریکى کۆکردنەوەى دارن بۆ خواردنلێنان

مریەم عالى

مریەم عالى زادەى ٢٤ ساڵ کە لە تەمەنى ١٧ ساڵى لەگەڵ کوڕە خاڵەکەى زەماوەندى کرد. هاوسەرەکەى پاش دوو ساڵ ژیانى هاوبەش تەڵاقى دا و لەگەڵ کچێکى دیکە هاوسەرى پێک هێنا. مریەم ئێستا لەگەڵ دایک و باوکى دەژیت.

زەهرا دیلکانى

زەهرا دیلکانى ٢٠ ساڵان و هاوسەرەکەى سلێمان ئابتینى ٧٠ ساڵە. زەهرا دواى مەرگى ژنى یەکەمى سلێمان و بە زۆرى دایک و باوکى شووى بە سلێمان کرد. ئەوان تا ئێستا خاوەنى سێ منداڵى حەوت و سێ و یەکساڵەن و لە گوندى کیایی و لە ماڵێکى کرێدا دەژین. سلێمان بە هۆى پیرییەوە و زۆر بە دژوارى کار لە بەرهەمهێنانى خەڵوز دەکات و ژیانى بەسەر دەبات.

کچانى گوندى کیدەرى

کچانى گوندى کیدەرى کۆن لە حەسارى قوتابخانەکەیان خەریکى تاقیکردنەوەى ڕێنووسن.

مەریەم جیهانى

مەریەم جیهانى، تەمەنى ١٨ ساڵە و لە گوندى کیدەرى کۆن دەژیت. ئەو ساڵێکە شووى کردووە و چاوەڕێیى بەدونیاهاتنى منداڵەکەیەتى.

مەرزیە جیهادپەناى

مەرزیە جیهادپەناى ٣٢ ساڵان خاوەنى ٥ منداڵە و لە گوندى کیدەرى کۆن دەژیت. مێردەکەى بێکارە و تەنیا بە یارانە دەژیت.

دوو هاوسەرى تازە

دوو هاوسەرى تازە زەماوەندکردووى گوندى کیدەرى سەروو. لەم ناوچەیە باوە کە زاوا بۆ هاوسەرگیرى دەبێت ماڵ و کەلوپەلى نێو ماڵى هەبێت. هەر بۆیە چەندین ساڵە کێشە دروست بووە بۆ پیاوەکان و تەمەنیان هەڵکشاوە و کچەکانیش ماونەتەوە.

نەسیمەى

نەسیمەى ١٣ ساڵ و ئامینەى ١٤ ساڵ لە گوندى کیدەرى سەروو پاش تەواوکردنى خوێندنى بنەڕەتییان لە ماڵەوە چاوەڕێی مێردن.

پیربەخش

پیربەخش دەرى زادە خاوەنى دوو ژنە. ژنى یەکەمى ناوى زەرمەلیکە کە لە ١٤ ساڵى شووى پێ کرد و ژنى دووەمى ناوى دۆر خاتوونە کە پاش بێوەژنکەوتنى شووى پێ کرد.

مەهساى

مەهساى ٢١ ساڵان، خەڵکى گوندى گوهەرتە. لە ١٦ ساڵى شووى کرد، بەڵام بە هۆى منداڵنەبوونەوە، مێردەکەى بێ ئاگادارى ئەو و بە پالپشتى بنەماڵەکەى چوو کچێکى ١٦ ساڵى هێنا، هەر بۆیە ئێستا کاتى تەنیایی خۆى بە مۆبایل بەسەر دبات.

فاتمە

فاتمە ٢٧ ساڵیەتى و شووى نەکردووە، دانیشتووى گوندى عەبدە و بە مۆبایلەکەى کات بەسەر دەبات.