Skip to main content

لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان شاری موشەكی دادەنرێت

شایەتحاڵەکان دەڵێن کۆمارى ئیسلامى تۆنێلی لە بەرزاییەکانى گاکر لێداوە و ناهێڵێت کەس تووخنى کەوێت!
شایەتحاڵەکان دەڵێن کۆمارى ئیسلامى تۆنێلی لە بەرزاییەکانى گاکر لێداوە و ناهێڵێت کەس تووخنى کەوێت!
كۆماری ئیسلامی ئێران تاقیكردنەوە ژێرزەوییە موشەكییەكانی خۆی بۆ رۆژھەڵاتی كوردستان گواستووەتەوە.
posted onJune 7, 2018
nocomment


بەپێی زانیارییەكانی ئاڤاتودەی ماوەیەكە لە كوێستانەكانی گاكر كە دەكەوێتە پشت گوندی بلەسەن و ئەنینەی شاری بانە جموجۆڵی سوپای پاسداران زیادی كردووە. سەرچاوەیەكی تایبەت بە ئاڤاتودەی راگەیاند كە نێوە نێوە سوپای پاسداران داوا لە خەڵكی شەش گوندی ئەو ناوچەیە دەكەن كە نەچنە سەر کێڵگە و زەوییە كشتوكاڵییەکانیان، و داواش لە ئاژەڵداران دەكەن كە ئاژەڵەكانیان نەبەنە دەرێ.

 

دوای بەدواداچوونی ئاڤاتودەی و قسەی شایەتحاڵەكان دەركەوت كە سوپای پاسداران تاقیكردنەوەی موشەكی بەھێز لەو ناوچەیە دەكات، ھەر بۆیە تەنانەت لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا رێگە بە ئەندامانی سوپای پاسداران و ھێزە ئەمنییەكانی ئەو ناوچەیەش نادرێت لەوێ بمێننەوە. شایەتحاڵێك دەڵێ "چوار ساڵ بەر لەئێستا لەسەر كوێستانەكانی گاكر تونێلیان لێداوە، چەند ساڵێكە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر دەچنە ئەو ناوچەیە، ئێستاش دەستیان بە تاقیكردنەوە كردووە، لەكاتی تاقیكردنەوەدا دەنگێكی گەورەی ھەیە، و ھێزی بوومەلەرزەیەكی ھەیە، خەڵكیش تەواو ھەستی پێ دەكەن".

 

بەپێی زانیارییەكانی ئاڤاتودەی، ئەو شوێنە شارێكی موشەكی سوپای پاسدارانە، تەنانەت فەرماندەی سوپای پاسدارانی بانەش ئاگاداری ئەو پرۆژەیە نییە، و لەتاران ھێزی بۆ دەھێندرێت، بە نھێنی كاری تێدا دەكەن.