Skip to main content

کەژاڵ ڕەحمانی مانی لە خواردن گرت

کەژاڵ ڕەحمانی مانی لە خواردن گرت / بەردەوامیی نادیاربوونی چارەنووسی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی
بەردەوامیی نادیاربوونی چارەنووسی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی
posted onJune 11, 2026
nocomment

کەژاڵ ڕەحمانی، ئەندامی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان کە لە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ـەوە (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) لەگەڵ هاوسەر و براکەیدا، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، لەو کاتەوە تا ئێستە لە ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەدا (چاکسازیی ژنان) مانی لە خواردن گرتووە.

هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی بە بنەماڵەکانیان بدەن.

بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەژاڵ ڕەحمانی دوای ئەوەی دەستبەسەر کراوە سەرەتا براوەتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران و دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) کراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، کەژاڵ هەموو ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی و شەوان دەیگێڕنەوە بۆ چاکسازیی ژنانی سنە.

هەروەها لە کاتی دەستبەسەرکرانی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانییەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ یان شوێنی ڕاگرتنیان بەردەست نەکەوتووە. بنەماڵەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە بەردەوام سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە دادوەرییەکانی کامێران و سنەیان کردووە، بەڵام تا ئێستە لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.

ئەم سێ چالاکوانە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش بوون.