کەژاڵ ڕەحمانی، ئەندامی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان کە لە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ـەوە (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) لەگەڵ هاوسەر و براکەیدا، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، لەو کاتەوە تا ئێستە لە ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەدا (چاکسازیی ژنان) مانی لە خواردن گرتووە.
هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی بە بنەماڵەکانیان بدەن.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەژاڵ ڕەحمانی دوای ئەوەی دەستبەسەر کراوە سەرەتا براوەتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران و دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) کراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، کەژاڵ هەموو ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی و شەوان دەیگێڕنەوە بۆ چاکسازیی ژنانی سنە.
هەروەها لە کاتی دەستبەسەرکرانی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانییەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ یان شوێنی ڕاگرتنیان بەردەست نەکەوتووە. بنەماڵەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە بەردەوام سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە دادوەرییەکانی کامێران و سنەیان کردووە، بەڵام تا ئێستە لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.
ئەم سێ چالاکوانە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش بوون.