دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەو هەڵوێستەی ئێران لە دانوستاندنەکاندا نیشانی دەدات "ڕازی نییە". ترەمپ بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی تێکساس، لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هێشتا "بڕیاری کۆتایی" سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران نەداوە.
سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی هێز، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی خاوەنی "بەهێزترین سوپای جیهانە" و گوتی: "حەز دەکەم بەکاری نەهێنم، بەڵام هەندێک جار هیچ بژاردەیەکی دیکە نامێنێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا دووبارە جەختی کردەوە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەمە لەکاتێکدایە کە تاران بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و ڕایدەگەیێنێت، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی و ئاشتییانەیە.