Skip to main content

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ: لە ئێران ٢٦ خۆپێشاندەر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ: لە ئێران 26 خۆپێشاندەر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە
posted onFebruary 19, 2026
nocomment

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆروێژە ڕایگەیاند، دادگا سەرەتاییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بۆ لانیکەم 26 کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی ڕبەفرانبار دەرکردووە.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەترسیی جێبەجێکردنی ئەو سزایانە "راستەقینە و نزیکە".

ڕێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو بڕیارانە لەسەر بنەمای "دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە" و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ ستانداردێکی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بوونی پارێزەری سەربەخۆ دراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، تەنیا ناوی حەوت لە سزادراوەکان بڵاوکراونەتەوە و بەهۆی پاراستنی گیانیان و هۆکاری ئەمنییەوە، ناوی 19 کەسەکەی دیکە ئاشکرا نەکراوە. هاوکات ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات میدیاکانی حکوومەت دیمەنی دادگاییکردنی چوار خۆپێشاندەریان لە تاران بڵاوکردووەتەوە، کە دوویان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەیە و هەموویان بە تۆمەتگەلێک ڕووبەڕوو کراونەتەوە کە دەکرێت سزاکەیان لەسێدارەدان بێت.

تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە فەرمی هیچ زانیارییەکی لەبارەی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە و دەرچوونی ئەو سزایانە بڵاونەکردووەتەوە و بێدەنگیی هەڵبژاردووە. ئەم هەوڵانەی تاران لەکاتێکدایە کە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەهۆی پرسی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان روو لە زیادبوونە.