Skip to main content

رۆیتەرز: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەک و چۆڵی سەربازیی ئەمریکا دەگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

رۆیتەرز: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەک و چۆڵی سەربازیی ئەمریکا دەگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
posted onJanuary 23, 2026
nocomment

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کەشتی فڕۆکەهەڵگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆمەڵێک پێداویستی سەربازیی دیکە دەگەنە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، کەشتی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن"، چەند کەشتییەکی جەنگیی تێکشکێنەر و فڕۆکەی جەنگی، لە هەفتەی ڕابردووەوە لە ناوچەی ئاسیا-ئۆقیانووسەوە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون. ئەم جووڵە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دوای سەرکوتکردنی "خوێناوی"ی خۆپێشاندانەکانی چەند مانگی ڕابردووی ئێران.

یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، واشنتن تاوتوێی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

تۆنی قسەکانی تڕەمپ و دۆسیەی ئەتۆمی

ئەم جووڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە هیوای خواست پێویست بە هیچ کاردانەوەیەکی سەربازیی دیکە دژی ئێران نەکات. تڕەمپ پێشتر چەندین جار هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازیی کردبوو بەهۆی کوژرانی خۆپێشاندەران لە ئێران.

تڕەمپ ڕۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە هۆشداریی دایە ئێران و گوتی، دەبێت تاران دەست لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی هەڵبگرێت، هەروەها ڕایگەیاند کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو هەوڵانە، "هیچ بژارەیەک بۆ داهاتوو دوور ناخرێتەوە."

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هەرچەندە زۆرجار وەک هەنگاوێکی "بەرگری" ناودەبرێت، بەڵام هاوشێوەی ئەو ئامادەکارییە سەربازییەیە کە هاوینی ئەمساڵ و پێش هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بینرا.