فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (FIFA) لە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی "زە بێست" (The Best)، هاندەرانی یانەی زاخۆی وەک براوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەستنیشان کرد.
ئەم خەڵاتە دوای ئەوە هات کە هاندەرانی یانە کوردستانییەکە لە ١٣ی ئایاری ڕابردوو، لە کاتی یاریی تیپەکەیان بەرامبەر یانەی "حدود" لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەزاران بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگەوە. ئامانج لەو دەستپێشخەرییە کۆکردنەوە و بەخشینی ئەو یارییانە بوو بە منداڵانی نەخۆش.
یانەی زاخۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم هەڵوێستە مرۆییە لەسەر ئاستی ناوخۆ و کیشوەری ئاسیا دەنگدانەوەی هەبووە. یانەکە لەبارەی هاندەرانییەوە گوتی: "ئەوان بڕبڕەی پشتی تیپەکەن و هیوادارین پاڵپشتییەکانیان بەردەوام بێت".
دیمەنی پڕبوونی چیمەنی یاریگەکە بە یاریی منداڵان سەرنجی میدیا جیهانییەکانی ڕاکێشا و بووە هۆی ئەوەی فیفا ناوی ئەم یانەیە لە لیستی براوەکانی ئەمساڵدا تۆمار بکات.