Skip to main content

سوید دوو سیخوڕی سەر بە کۆمارى ئیسلامى دادگایی دەکات

سوید دوو سیخوڕی سەر بە کۆمارى ئیسلامى دادگایی دەکات
AvaToday caption
posted onAugust 29, 2022
nocomment

🌐  ئاڤاتودەی

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی ئێکسپرێسنی سویدی، دوو براى لەدایکبووی ئێران کە لە سوید گەورە بوون و تۆمەتبارن بە سیخوڕیکردن، دادگایی دەکرێن. بەپێی راپۆرتەکە، برا گەورەکەیان کە وەک لێپرسەرەوە کاری کردووە، ماوەیەک لە پۆلیسی ئەمنیەت و هەروەها بۆ دەزگای هەواڵگری سەربازی سوید کاری کردووە.

برا بچووکەکەش بۆ ماوەیەکی کەم لە پۆلیسی ئەمنیەتى سوید کاری کردووە، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا ئەو دوو برایە لە هەمان کاتدا لە پۆلیسی ئەمنیەتی سوید کاریان کردووە یان نا. تا ئێستا دەسەڵاتی دادوەری سوید زانیارییان لەسەر دۆسیەی ئەو دوو برایە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام هەردوو داواکاری گشتی و هەم پارێزەری ئەو دوو برایە کە بانگهێشتی دادگای ستۆکهۆڵم کرابوون، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بە تۆمەتی سیخوڕی دادگایی دەکرێن.

ئێکسپرێسن دەنووسێت، برا گەورەکە خێزاندارە، باوکی چەند منداڵێکە، خاوەنی دوو بڕوانامەیە و بە زمانی فارسی بە ڕوانى قسە دەکات: دەستی بە کاری حکومی کردووە وەک لێکۆڵەری تاوانی گومرگی پێش ئەوەی بچێتە سەر پۆستە هەستیارەکانی پۆلیسی ئەمنیەت و دواتر لە ئیتلاعات و خزمەتگوزاری ئەمنیەت و سەربازی کارى کردووە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئەو برایانە سیخوڕی بۆ کام وڵات دەکەن، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە ئەوان تۆمەتەکانیان ڕەت کردووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دادوەری دادگای ناوچەی ستۆکهۆڵم ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ داواکاری گشتی و پارێزەرەکانیان هەبووە بۆ دەستپێکردنی دادگاییکردنی ئەم دوو کەسە.  دادگاییکردنی ئەم دوو برایە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە وەزارەتی ئیتلاعاتی تیرۆریستى کۆمارى ئیسلامى مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند هاووڵاتییەکی سویدی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر کردووە.

پێشتریش میدیایەکی سویدی هەواڵی دەستبەسەرکردنی کەسێکی سویدی بڵاو کردەوە کە ڕۆژی ١٥ی مانگی بانەمەڕ لەگەڵ چەند گەشتیارێکی دیکەی سویدی گەشتی ئێرانی کردبوو، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕاپۆرتی ئەم دەستبەسەرکردنەیان پشتڕاست نەکردەوە.

هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەر ئەحمەدەڕەزا جەلالی، پزیشک و لێکۆڵەری ئێرانی ـ سویدی سەپاندووە. لەم نێوەندەدا دەسەڵاتدارانی دادوەریی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی جەلالییان کردبوو دوای ئەوەی حەمید نووری لە سوید بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرا.

حەمید نووری ناسراو بە حەمید عەباسی، جێگری پێشووی داواکاری گشتی زیندانی گەوهەردەشت، لە شاری ستۆکهۆڵم بە تۆمەتی تاوانی جەنگی و کوشتنی بە ئەنقەست دادگایی کرا و دواجار بەهۆی ڕۆڵی لە کوشتنی زیندانیانی سیاسی لە شەستەکانى هەتاوی سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا حکوومەتی سوید هۆشداری دابوو لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کە گەشت بۆ ئێران دەکەن.