Skip to main content

ئەمریکا بە دەرچوونى لە سوریا تەڵەیەکى بۆ نەیارەکانى نایەوە

ئەمریکا بە دەرچوونى لە سوریا تەڵەیەکى بۆ نەیارەکانى نایەوە
ئەمریکا بە کشانەوەى تەڵەیەکى بۆ ئێران و تورکیا و ڕوسیا لە سوریە دروست کرد
posted onDecember 25, 2018
nocomment

 

سەرەڕاى بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى لە سووریا و ئەفغانستان ، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک لێدوانى سەرچاوە دیپلۆماتیکەکانى عێراق "واشنتۆن سوورە لەسەر مانەوەى سەربازی و دیپلۆماتى و ئابوورى لەبەغدا".

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوە کردووە "بەغداد دڵنیایی لە کۆشکى سپی وەرگرتووە، کە وڵاتەکەیان لە دەرەوەى پلانى داڕشتنەوەى هێزە ئەمریکییەکانە هاوشێوەى سووریا و ئەفغانستان". ئەو دووپاتکردنەوەیەش لە لایەن مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا گەینراوەتە سەرکردە سیاسییەکانى بەغدا، کە لە بەرهەم ساڵح سەرکۆمار و عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران خۆى بینیوەتەوە.

پەمپیۆ لەبارەى هۆکارو هۆیەکانى کشانەوەى هێزەکانیان بەسەرکۆمارى عێراق ڕاگەیاندووە و، ڕوونیشی کردەوە "ئەمریکا بەردەوامە لە پابەندییەکانى بە بەرەنگاربوونەوەى داعش و تیرۆر لە خاکی عێراق". بە پێی بەشێک لە کەسایەتییەکانى بەغدا "کشانەوەى ئەمریکا لە عێراق ئەستەمە"، هەندێکیش پێیان وایە "ئەوەى لە سووریا ڕووی داوە لە قازانجی بەغدایە.

بەبۆچوونى ئەو کەسایەتیانە "ویلایەتە یەکگرتووەکان، دواى کشانەوەى لە سووریا، ئەوا خۆى بۆ کەیسى عێراق تەرخان دەکات و لەوێشەوە چاودێرى ڕەوشى سووریا دەکرێت، کە ئەرکەکەش بە سوپاى ئەو وڵاتە ڕاسپێدراوە". هەرچەندە لێکچوونى کشانەوەى هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە ئەفغانستان و سووریا جیاوازن، ئەگەری ئەوە هەیە لە یەکەم بەیەکجاری بکشێتێتەوە، بەڵام لەدووەمدا شوێنپێیەک بۆ خۆى جێ دەهێڵێت. چاودێرانیش دەڵێن "بوونى ئەمریکا لە سووریا واتاى ئەوەیە پێویستی بەهاریکارى و پاڵپشتى زیاترە لەنێو خاکی عێراقەوە پێی بگات".

بەو هۆیەوەش سوپاى واشنتۆن لەسەربازگەى (عەین ئەسەد)، گەورەترین سەربازگەى ئاسمانییە لە ڕۆژئاواى عێراق، دەستى بە نۆژەنکردنەوە و داڕشتنەوەى هێزەکەى کردووەتەوە، لە هەمان کاتیشدا خاڵێکى نزیکی سەربازییە لەنێو سنوورى نێودەوڵەتى عێراق و سووپا.

جگە لەوانەش کۆشکی سپی دەیەوێت، پاڵپشتى بەرە سیاسییە نزیکەکانى خۆى بکات، بۆ ئەوەى لە ژێر فشاری ئێران دەربازیان بێت، کە ڕۆژ دواى ڕۆژ ڕوو لە زیادبووندایە، بەتایبەت دواى سەپاندنى سزا ئابوورییەکانى واشنتۆن دژى تاران بەو هۆیەوەش دووبارە بەغدا لێخۆشبوونێکى ٩٠ ڕۆژى لە سزاکانى ئەمریکا دژى ئێران بە دەست هێناوە، ئەمەش هێمایەکە بۆ هەماهەنگییە بەرزەکانى عێراق و ئەمریکا. لە بەرامبەریشدا میدیاکانى ئێران هێرشێکى بەردەوام دەکەنە سەر هەماهەنگییە عێراقی ـ  ئەمریکی، و داواشیان لە بەغدا کردووە، ئەو پابەندییە ڕەت بکەنەوە، چونکە زیان بە تاران دەیگەیەنێت، بەڵام لەبیریان چووە کە ئەمریکا لە عێراقەوە دەتوانێت فشارەکانى بۆ سەر ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی دروست بکات و ڕێگاى گەیشتن بە سووریا بپچڕێنێت.

یەکێک لەو گریمانانەى بۆ بڕیارە لە ناوەکەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا کراون "ئەو کشانەوەیە تەڵەیەک بێت بۆ ئەوەى تورکیا، ڕووسیا و ئێران، لە نێو گۆمی سووریا نقووم بکەن و، نەتوانن بەئاسانی لێی دەرباز بکەن"، جگە لەو خەرجییە زەبەلاح و گەورەیەى درێژەدانى شەڕى ناوخۆیی کە هیچ لایەنێک نەیتوانیوە تێدا سەرکەوتوو بێت.

هەروەها عێراقی نوێ کە پیشەسازییەکى ئەمریکییە، واشنتۆن نایەوێت بە یەکجاری بەغدا بخزێنە باوەشى ئێران و، ئەو وڵاتە ببێتە فریادڕەسى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی و، لەو قەیرانەى تێی کەوتووە ڕزگاریشى بکات.