Skip to main content

پسپۆڕانى نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیارى هەڵوەشانەوەى حوکمى لەسێدارەدانى حەیدەر قوربانى بوون

پسپۆڕانى نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیارى هەڵوەشانەوەى حوکمى لەسێدارەدانى حەیدەر قوربانى بوون
AvaToday caption
posted onSeptember 4, 2021
nocomment

پسپۆڕانى نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەڕاى نیشاندانى نیگەرانى لە ئەگەرى لەسێدارەدانى حەیدەر قوربانى لە ناکاوێکڕا، خوازیارى هەڵوەشانەوەى حوکمى لەسێدارەدانەکەى بوون!

 

بە پێى ڕاپۆرتى ئاڤاتودەى، پسپۆڕانى مافى مرۆڤى نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەى بەیاننامەیەک دوێنێ هەینى ١٢ى خەرمانان، داوایان لە بەرپرسە تاوانبارەکانى کۆمارى ئیسلامى کرد کە بە خێرایی حوکمى ئەم هاووڵاتییە بوەستێنن! لە بەشێکى بەیاننامەکەى مافى مرۆڤى نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە ددانپیانانى ناچارى حەیدەرى قوربانى کراوە: وا پێدەچێت لە کەیسى حەیدەر قوربانى، زۆرێک لە دڵنیاییە بنەماییەکانى دادوەرییەکى دادپەروەرانەى مافى مرۆڤى نێودەوڵەتى، پێشێل کرابن.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: زانیارییەکان لەمەڕ ئەشکەندە و ددانپیانانى ناچارى زۆر نیگەرانکەرانن. ئەم زانیارییانە نەبوونەتە هۆى ئەوەى کە بەدواداچوونێک بکرێت و وا پێدەچێت کە لە دانیشتنى دادگارییەکردنەکەیدا لە لایەن دادگاوە وەبەرچاو نەگیراون و پشتگوێ خراون. ئەندامانى بنەماڵەى ئەم زینداییە سیاسییەى مەحکوم بە سێدارە، بە بڵاوکردنەوەى پەیامگەلێک داوایان لە هەموو ئازادیخوازانى ئێران و دونیا و ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ کردووە کە بەر لەم حوکمە خۆسەر و نادادپەروەرانەیەى دادگاى ئینقیلابی سنە بگرن.

لەم دواییانەدا دادوەرى سنە پاش ڕەتکردنەوەى داواکارى دووبارە پێداچوونەوە لە لایەن دیوانى باڵاى نیزامەوە، حوکمى دەرچووى بۆ جێبەجێکردن ناردووەتە بەشى جێبەجێکردنى حوکمى شارى کامیاران.

حەیدەر قوربانى لە ڕەزبەرى ساڵى ١٣٩٥ى هەتاوى لەگەڵ دوو کەسى دیکە بە تۆمەتى "بیرچەوتى و سەرکێشى و گومڕایی و زوڵم (بغى)" مەحکووم بووە. پارێزەرى ئەم زیندانییە سیاسییە پشتڕاستى کردەوە کە هیچ یەک لە تۆمەتەکانى (بغى) دروست و پشتڕاستکراوە نین بۆ حەیدەر قوربانی.