Skip to main content

پاریس قۆڵى هەڵماڵیوە بۆ پاککردنەوەى تیرۆرى ئێران

پاریس قۆڵى هەڵماڵیوە بۆ پاککردنەوەى تیرۆرى ئێران
پاریس بڕیاری داوە وڵاتەکەى لە ساڵى ٢٠١٨، لە تیرۆری ئێرانى پاک بکاتەوە
posted onDecember 23, 2018
nocomment

 

ساڵى ٢٠١٨، بۆ فەڕەنسا، گۆڕانکارییەکى جۆرى بووە لە سیاسەتى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، پاریس بە بەراورد لەگەڵ ساڵانى ڕابردوو، لەبرى بەرەنگاربوونەوەى پیلانى گرووپە تووندڕەوەکان، ستراتیژییەکى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆری وڵاتانى جیهان بە تایبەت کۆماری ئیسلامی هەموار کردووەتەوە.

 

پاریس توانیویەتى ئەمساڵ هەنگاوێکى گەورە لەریشەکێشکردنى تیرۆری ئێرانى بنێت، بەتایبەت ئەو کۆمەڵە هێرش و پیلانەى تاران دژى گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى خۆی لە نزیک ئەو وڵاتە ئەورووپییە دایڕشتبوون. پیلانگێرییە شکستخواردووەکەى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی، بووە هۆی تێکچوونى پەیوەندییەکانی پاریس و تاران، کە ڕەنگدانەوەى لە سەر هەڵوێستى فەرمی شان ئەلێزی لەسەر ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکە واژووکراوەکەى ٢٠١٥ بگۆردرێت، بە جۆرێک لە ماوەى ڕابردوو جموجۆڵەکانى بۆ ئەوە بوون ڕێککەوتنەکە دواى کشانەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئایار (گوڵان)ی ئەمساڵ ڕزگار بکات.

گرافیکى یەکەم: ڕۆحانى و دەوڵەتێکى پڕ لە دیپلۆماتی تیرۆریست

گرافیکى یەکەم: ڕۆحانى و دەوڵەتێکى پڕ لە دیپلۆماتی تیرۆریست

 

پاریس بۆ سنووردارکردنى تیرۆرەکانى ڕژێمى ئێران، کۆمەڵێک پاکێجی دژى ئەو وڵاتە ئەنجام دا، سەرەتاش بە دەرکردنى دیپلۆماتێکى ئەو وڵاتە بووە، کە دواى ئاشکرابوونى تۆرێکى تیرۆریستى سوپای پاسداران جێبەجێ کرد. جگە لەوانەش داخستنى ناوەندێکى ڕۆشنبیری ئەو سوپایە لە پایتەختى فەڕەنسا هات، بەو هەنگاوانەش دەرکەوت کە دووەم زلهێزى نێو یەکێتى ئەورووپا قۆڵی لێهەڵکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى تاران لەنێو ئەوروپا.

زانیارییە هەواڵگرییەکانى ئەورووپا دەریانخستووە "تاران بەنیاز بووە کۆبوونەوەیەکى ساڵانەى گرووپی ئۆپۆزسیۆنى وڵاتەکەى کە لەلایەن موجاهیدینى خەڵقەوە ڕێکخرابوون، بکاتە ئامانج". پێش بەرێوەچوونى کۆنگرەکە لە حوزەیران (جۆزەردان)ـى ڕابردوو، هەواڵگری پاریس بە هەماهەنگی هەواڵگری وڵاتانى ئەورووپا، پیلانە تیرۆریستیەکەى ئێرانیان هەڵوەشاندەوە، بەئاستێک دوو کەسى ئەورووپی بە ڕەچەڵەک ئێرانى لە بەلجیکا دەستگیر کران، کە پلانیان داڕشتبوو "بە ٥٠٠ گرام بیرۆکسید ئەسیتۆن، کە ماددەیەکى تەقەمەنییە لە نێو ئۆتۆمبێلدا لە نزیک کۆنگرەکە بیتەقێننەوە".

سەرکەوتنەکە هاوبەشەکەى بەلجیکا ـ فەڕەنسا، گورزێکى گەورە بە سوپاى پاسداران داوە، دواتر هەر یەک لەدەزگا ئەمنییەکانى ئەڵمانیا، نەمساو دانیمارک هەنگاوی هاوشێوەى پاریسیان دژى ئێران ناوەو، کۆمەڵێک کەسی نزیک لەرژێمى دەسەڵاتداری تاران دەستگیر کرد.

لەلایەن خۆشیەوە ڕۆژنامەیەکى فەرەنسی بڵاوی کردەوە کە "پاریس کۆمەڵێک هەنگاوی بوێری و گرنگی بۆ ڕیشەکێشکردنى تیرۆری تاران لەوڵات ناوە"، لەو بڕیارانەش بڕیارى سڕکردنى قەواڵە و سەرمایەى بریکارەکانى هەواڵگری ئێرانى و، داخستنى ناوەندی (زەهرا) نزیک لەکۆمارى ئیسلامی، کەلەلایەن حزبوڵلای لوبنانییەوە پاڵپشتى دەکرێت".

ڕۆژنامەى لۆمۆند لەسەرچاوە دیپلۆماتى و ئاسایشەکانى فەرەنسا بڵاوی کردووەتەوە کە " لە تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ـى ڕابردوو، پاریس بە شێوەیەکى نهێنى دیپلۆماتێکى ئێرانى دەرکرد، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پیلانە شکستخواردووەکەى تاران، کە بەنیاز بوون، بە بۆمب هێرش بکەنە سەر کۆنگرەى ئۆپۆزسیۆنى وڵاتەکەى لە نزیک پاریس".

هەروەها ڕۆژنامەى "ویست فرانس" دووپاتی کردووەتەوە " لە ٢ تشرینی یەکەم (ڕەزبەر)ى ڕابردوو دواى دڵنیابوون لە تێوەگلانی هەواڵگرى ئێران لە ڕێکخستن و پلانداڕشتنى هێرشە تیرۆریستییەکە لەسەر خاکى فەرەنسا، پاریس بەشێوەیەکى فەرمی تارانى بە ئەنجامی کردەوە تۆمەتبار کرد". گووتیشى " فەڕەنسا هەنگاوەکانى دەرکردنى دیپلۆماتە ئێرانییەکانى دانیشتووى پایتەخت دەکرد، بەڵام دوو سەرچاوەى دیکە باسیان لەوە دەکرد، ئەو دیپلۆماتانە کارمەندی هەواڵگری بوون، بەڵام بە جلوبەرگى فەرمیی".

لەو نێوەندەشدا ئاژانسى ڕۆیتەرز جەختی لەوە کردەوە "سەرەراى ڕەتکردنەوەى هەواڵی دەرکردنى دیپلۆماتەکان، بەڵام لە پێنج سەرچاوەى ئەمنى و دیپلۆماتى زانیارییان دەستکەوتووە لە دەرکردنى دیپلۆماتێکى ئێرانی". تا ئێستاش پۆستى باڵیۆزی فەرەنسا لەتاران لەدواى حوزەیران (پووشپەڕ)ـەوە بەتاڵى ماوەتەوەو، لە بەرامبەریشدا کارى باڵیۆزخانەى فەرەنسا لەئێران هەڵپەسێدراوە، سەرچاوە دیبلۆماتیەکانى فەرەنسا سوورن لەوەى هیچ باڵیۆزێک لەو وڵاتە جێگیر ناکەن، تا ئەو کاتەى " ڕوونکردنەوەى تەواویان لەبارەى هێرشە تیرۆریستییەکە دەست دەکەوێت".

بە پێی یادداشتنامەیەکى ناوخۆى وەزارەتى دەرەوەى ئەندامەکەى یەکێتى ئەورووپا لە ئاب ( خەرمانان)ـی ڕابردووەوە، فەڕەنسا نامەیەکى هۆشداریی ئاراستەى باڵیۆزەکەى کردووە لە گەشتکردن بۆ ئێران". لە هەمان مانگیشدا "کۆمپانیا فڕۆکەوانیەکانى پاریس سەرجەم گەشتەکانیان بۆ تاران ڕاگرت".

پێش ململانێیە سیاسییەکانى هەردوو پایتەخت، کۆمەڵێک ڕێکارى ئەمنى جێبەجێ کرا، وەک وەڵامێک بۆ سەرپێچیکردنى سەروەرى خاکی فەڕەنسا، وەک سڕکردنى دارایی و موڵکەکانى هەواڵگری و کەسایەتییە ئێرانییەکان.

لە ٢ تشرینى یەکەم (ڕەزبەر)ـى ڕابردوو ئێزگەى LCE فەڕەنسى بڵاوی کردەوە "جیرار کۆلۆمب وەزیرى ئەوکاتى ناوخۆ و جۆن ئیف لۆدریان وەزیرى دەرەوە و برۆنۆ لۆمیر وەزیرى ئابوورى  لە چوارچێوەى لێکۆڵینەوەکانى پیلانە شکستخواردووەکەى سەر کۆنگرەى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى لە شاروچکەى فیلبینت، لە حوزەیران (جۆزەردان) بڕیاری سڕکردنى سەرمایەو موڵکى کۆمەڵێک کەسایەتی ئێرانیان ڕاگەیاند".

گرافیکى دووەم: تیرۆریست دیپلۆماتەکانى ئێران لە فەڕەنسا

گرافیکى دووەم: تیرۆریست دیپلۆماتەکانى ئێران لە فەڕەنسا

 

بەگووتەى ڕادیۆ فەڕەنسییەکە " لە نێو تۆمەتباران موڵکەکانیان سڕ کراوە، کەسایەتی دیپلۆماتى و کارمەندانى فەرمانگەى هەواڵگرى ناوخۆیی ئێرانى بوون". هەر لەمساڵدا و لە ناوەڕاستى تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)، دەسەڵاتدارانى فەرەنسا بۆ ماوەى شەش مانگ ناوەندی زەهرای داخست و، سەرجەم موڵکەکانى دەستى بەسەردا گیرا.

ئەو ناوەندە کە ساڵى ٢٠٠٥ لە فەرەنسا دروست بووە، نزیکبوونەوەیەکى ئایدەلۆژی و هزری لەگەڵ ئێران و حزبوڵای لوبنانی هەیەو، بەردەوام بانگەشەى بۆ ئەو حزبەو گرووپی داعش دەکرد، جگە لەوانەش کۆمەڵێک کەسایەتى جێی گوومان سەردانی دەکرد.

بارەگاى ئەو ناوەندەش دەکەوێتە هەرێمى گراند سینتی باکوورى فەرەنساو لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت بە ڕابەرایەتى یەحیا قواسمی و جەمال تاهیری و خالید عەبدولکەریم دروست بووە، بەڵام ڕووی ڕاستەقینەى ئەو ناوەندە شتێکى دیکە بووە.

رۆژنامە فەرەنسییەکە باسى لەوەش کردووە " سەرەتاى چالاکییەکانى ناوەندە لە کۆکردنەوەى کۆتەیشنى قورئان و ڤیدیۆى پیاوانى ئایینى بوون، لە هەمان کاتیشدا بانگەشەى بۆ هزری تووندڕەوی ئێرانى دەکرد، بە جۆرێک کارەکانى سنوورى مەراسیمە ئایینەکانى تێپەراندو گەیشتە بوارى سیاسی و، پاڵپشتیکردنى سیاسەتەکانى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی، تەنانەت کاریشى لەسەر بڵاوکردنەوەى وتارى هاندانی کرد".

لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشیدا ژمارەى فەلەوەرەکانى لەسەرووى ٣٠٠ هەزار کەسن، بووە پەنایەگى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامی لەنێو خاکی فەرەنساو، قواسیمیش بە پیاوى خامەنەئی لەپاریس هەژمار کراوە. لەسەر ئەو پرسەش پۆلیسی فەڕەنسا لە ڕاگەینراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە " چالاکییە گوماناوی و نامۆییەکانى ئەو ناوەندە و، پاڵپشتییە سەرەنجڕاکێشەکانى بەڕێوەبەرى ناوەندە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، تێبینیەکانى دەسەڵاتدارانى ڕاکێشاوە و ناچاری کردوون بۆ ماوەیەک چاودێرى کارەکانیان بکەن تاوەکو ئاشکرا بوون پاڵپشتى تیرۆر دەکەن".

لەسەروبەندی جموجۆڵە سیاسییەکانى فەرەنسا، پۆلیس ماڵى ١٢ کەسایەتى نزیک لەو ناوەندە پشکنیوە و سێیان لە بەڕێوەبەرانیەتى، کە تۆمەتى " پاڵپشتپکردنى ڕێکخراوە تیرۆریستیپەکان" خراوەتە پاڵیان، لەو هەنگاوەش کۆمەڵێک چەکی ڕێگەپێنەدراویان دۆزیوەتەوە. هەریەک لەئەمینداری خەزێنەو کوڕەکەى دەستبەجێ دەستگیر کراون و، لەتشرینى یەکەمیش یەکەم دانیشتنى دادگایی دەستپێکرد.

لەبارەى ئەو هەنگاوانەش ئیف بۆنیە، بەرێوەبەرى پێشووى دەزگاى هەواڵگرى وەزارەتى ناوخۆی فەرەنسا کەبە "فەرمانگەى چاودێریکردنى زەوییەکان" ناسراوە پێشتر هۆشداری لە تیرۆری ئێرانى دابوو دەڵێت "ڕژێمى ئێران تیرۆرى دەوڵەت لەئەوروپا جێبەجێ دەکات"، داواشى لە وڵاتانى ئەورووپیش کردووە " زۆر تووندتر ڕێکارەکانى دژى تاران جێبەجێ بکەن و، هاوشێوەى ئەمەریکاش لە ڕێککەوتنەکە بکشێننەوە".

بەشێک لە وێنەى ماڵپەڕەکان کە زانیارییان لەسەر ئێران هەبووە

 

لەلایەن خۆیشیەوە ڕادیۆى RTL ـى فەرەنسى پرسیارێک لەبارەى هۆکارى پەرەسەندنى ناکۆکییەکانى پاریس و تاران کردووە، لەهەمان کاتیشدا وەڵامەکان دەداتەوە بەبیسەرانى و دەڵێت "سەرپێچیىکردنى سەروەرى پاریس و بەرنامە ئەتۆمییەکان و بالیستى  بووە، جگە لەوەش چالاکییە نایاساییەکانى ئەو وڵاتەیە لەنێو خاکی فەرەنسا".

بەو هۆیەوەشەوە پاریس بڕیاری داوە وڵاتەکەى لە ساڵى ٢٠١٨ لە تیرۆری ئێرانى پاک بکاتەوە.