Skip to main content

کۆمارى ئیسلامى دەستى کردووەتەوە بە گرتنى بەکۆمەڵى خوێندکارانى کورد

٧خوێندکاری کورد، لە زانکۆی خاڕەزمی دەستبەسەر کران
AvaToday caption
٧خوێندکاری کورد، لە زانکۆی خاڕەزمی دەستبەسەر کران
posted onJanuary 10, 2021
nocomment

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، ٧ خوێندکاری کورد بە ناوەکانی "فەرزاد سامانی، دەریا تاڵبانی، سالار ڕەهەوی، شەپۆل خزری، ئەفشین مام ئەحمەدی و سیروان نووری"، خەڵکی شاری مەهاباد و سوهەیب بادرووج خەڵکی شاری مەریوان، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی دەسبەسەر کران و هەتا ئێستا شوێنی گواستنەوەیان نادیارە.

 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ تۆڕی میدیایی  ئاڤاتودەی قسەى کردووە "شەوانە کۆمەڵێک لە هێزە ئەمنییەتییەکان هەڵدەکوتنە نێو خەوتنگە و دەست دەکەن بە توندوتیژی و پشکنینی ژوورەکان و چاودێری فایلی کۆمپیوتەر و کتێب و موبایل و دەستنووسەکانى خوێندکاران دەکەن و هەموو شتێکیان لێ تێک دەدەن و دەیانگرن و دەیانگوازنەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرچاوەی ئاگادارەکە هۆکاری دەستگیرکردنی، فەرزاد سامانی و هاوڕێکانى دەگەڕێنێتەوە بۆ  بیر و هزری بەتوانا و دڵسوزییان بۆ ژینگە و نیشتمانەکەیان و ڕێکخستنی گرووپگەلى تایبەت و دانیشتن و خوێندنەوە و گفتوگۆکردن.

سەرچاوەی ئاگادار لە درێژەی زانیارییەکانى بۆ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەی وتی: ساڵی ١٣٩١ى هەتاوى لە شاڕی مەهاباد شەپۆلێکی سەیری سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردنی گەنج و لاوانی کورد دەستی پێ کرد، زۆریان گرت و زۆریشیان ناچار کرد ڕابکەن بۆ دەرەوەی وڵات. یەکێک لەوانە فاروق سامانی برای فەرزاد سامانی بوو، کە کەسێکی نەتەوەخواز، نیشتمانپەروەر و شێوەکار و هونەرمەند بوو، تۆمەتی ئەندامبوونی پژاکى دەخەنە پاڵ و بە پێنج ساڵ زیندانى سزاى دەدەن.

فەرزاد

فەرزاد سامانى

ئەودەم فەرزاد کە منداڵتر بووە و نیگەرانی چارەنووسی براکەی دەبێ لەبەر هاتۆچوی بۆ دادگا و پێداگری بۆ ئازادی براکەی، دەستگیر دەکرێت و چەند مانگ زیندان بەسەری دەسەپێت و پاش ئازادبوونی لە زیندان بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەکان تەنانەت بۆ ماوەیەک دەست لە چالاکی مەدەنی دەکێشێت و خەریکى خوێندن لە زانکۆ و خوێندنەوە دەبێت.

فەرزاد دەتوانێت وەک خوێندکاری پسپۆڕى باڵای کۆمەڵناسی، درێژە بە خوێندنی بدات، بەڵام ئەمجارەشیان سەر لە زیندان دەردێنێت و هۆکارەکەی بۆکەس ڕوون نییە.

شایەنى باسە، پیلانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ قەتیسکردنی بچووکترین جموجوڵی فکری، فەلسەفی، ئابووری و پەروەردەیی، ژینگەپارێزی، مەدەنی و سیاسی و ئەدەبی و زانستى...  تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانە دەخەنە پاڵ لاوان و چالاکانەوە و بەرەو سێدارە و زیندانى و سەرکوتکردنیان دەبەن و بەمەش هەوڵ دەدەن گەلى کورد لە خواستەکانى خۆی کپ و بێدەنگ بکەن.