بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

عەبدولکەریم خەلەف بۆ ئاڤاتودەى: بۆ بنبڕکردنی داعش، داڕشتنى سیستەمێکى سیاسی نوێ پێویستە

عەبدولکەریم خەلەف بۆ ئاڤاتودەى: بۆ بنبڕکردنی داعش، داڕشتنى سیستەمێکى سیاسی نوێ پێویستە
گرووپە چەکدارەکان بە دەستى هەرێمایەتى دروستبوونە
posted onOctober 18, 2018
noبۆچوون

باشترین ڕێگە بۆ بنبڕکردن و ڕیشەکێشکردنى گرووپی داعش، داڕشتنى سیستەمێکى سیاسی نوێ هەیە

 

 

پسپۆڕێکى سەربازی و ئاسایشى عێراقی ڕایدەگەیەنێت "ئێستا بەشێکى کەمى داعش ماوە و، هێزەکانى بەرەو قۆناغی شەڕی پارتیزانى گواستووەتەوە". عەبدولکەریم خەڵەف، لیواى خانەنیشینکراو بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى گووت "داعش ئەو هێزەى نەماوە بەرەنگارى هێزە چەکدارەکان و پێشمەرگە و هەر هێزێکى ئەمنى ببێتەوە، بەڵام هەوڵ دەدات ئۆپەراسیۆنى کورتخایەن و زەبر وەشێن ئەنجام بدات".

دووپاتیشی دەکاتەوە "ئەو کارەش لە ڕێگەى گرووپە بچووکەکانى داعش ئەنجام دەدرێت"، هۆکارەشى بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە توانا هەواڵگرییەکانى هێزە ئەمنییەکانى بەغدا چالاکییەکانى سنووردار کردووە. خەڵەف لەبارەى مەترسییەکانی ئەو گرووپە چەکدارییە لە عێراقدا لەسەر داهاتووى ئەو وڵاتە جەخت لەوە دەکاتەوە "مەترسی گرووپێکى چەکدار کە شارەزایی لە کوشتن و ڕاوەدوونان و ڕفاندن هەیە، بێگومان ئەمەش مەترسییە، بەڵام مەترسییەکى نزمە، دەچێتە مەترسییەکى ئەمنی سنووردارە".

سووریشە لەوەى داعش ناتوانێت هاوشێوەى حوزەیران (پووشپەڕ)ـى ٢٠١٤ بتوانێت، پانتاییەکى گەورەى خاکی عێراق داگیر بکات، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە "ئێستا هێزە سەربازییەکان یەکگرتوو ترە لەوەى جاران، جگە لەوەش شارەزاییەکى باشى هەیە لە جەنگەکاندا". هۆکارێکى دیکەش بۆ لەدەستدانى ئەو توانایەى داعش نەبوونى زەمینەسازی ئەو گرووپەیە کە ٢٠١٤ بەدەستى هێنابووی.

پسپۆڕە سەربازییەکەى عێراق دەشڵێت "باشترین ڕێگە بۆ بنبڕکردن و ڕیشەکێشکردنى گرووپی داعش، داڕشتنى سیستەمێکى سیاسی نوێ هەیە، هەروەها داڕشتنى کۆمەڵێک یاساى نوێیە". جەنگى بەرەنگاربوونەوەى داعش کە ١٧ تشرینى یەکەم (خەزەڵوەر)ـى ٢٠١٦ بە فەرمانى حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانى ماوەبەسەرچووى حکومەتى ناوەندی عێراق دەستى پێ کرد، لە ١٠ تەمموز (گەلاوێژ)ی ٢٠١٧ بەشێوەیەکى فەرمیی کۆتایی هات، کە ٨ مانگ و ٢٤ ڕۆژى خایاند.

لەو جەنگە نزیکەى ٦٠ هەزار سەرباز لە سوپای عێراق، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بەشدارییان کرد، بە پێی ئامارە فەرمییەکانیش 25 هەزار چەکداری داعش کوژران، بەڵام لەو جەنگە نزیکەى یەک ملیۆن کەس ئاوارەى شارەکانى هەولێرو دهۆک بوون، کە ئێستاش بەشێکى زۆریان لەنێو کەمپەکاندا بەهۆى وێرانبوونى شارەکەیان ماونەتەوە. لەو نێوەندەش هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش ٢٠ هەزار هێرشى ئاسمانى بۆ سەر مۆڵگەکانى ئەو گرووپە ئەنجام دا.

لەدواى ٢٠٠٣ ـەوە، گۆڕەپانى سیاسی عێراق، دروستبوونى کۆمەڵێک گرووپی چەکدارى یاخیبووی بە خۆیەوە بینیوە، گرنگترینیان (ئەنسارو سوننە، قاعیدە، قاعیدە لە وڵاتى ڕافیددەین، دەوڵەتى ئیسلامی لە عێراق و شام کە دواتر خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا راگەیاند).

لەبارەى دروستبوونى ئەو گرووپانەش خەڵەف گووتى "ئەو گرووپانە هەمووی سیفەتی هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى هەڵدەگرن، بەڵام کەرستەکانى  سیاسی عێراقی ناوخۆیین، ئێستا ئەو پرسانەش بەشێوەیەکى گەورە سووک بووەتەوەو دابەزیوە"، خەڵەف پێی وابوە ئەگەر ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتى ناوەندی و کوردەکان بۆ چارەسەر کردنى ناکۆکییەکان و، ئیشکالیەتییەکان دروست بێت، ئەوا دەتوانرێت سەدا ٨٠ ئەو کێشانە چارەسەر بن، بەتایبەت لەبوارى یەکەى هەواڵگری و ئاسایش و دادوەرى، چونکە ئەمانە کێشەو بەرەنگارییەکى گەورەیە بۆ حکومەتى عێراق و سەرکردەکانى هەرێم.

باشترین چارەسەریش بۆ دۆخی ئێستای عێراق بۆ ئەوەى جارێکى دیکە گرووپی هاوشێوە سەرهەڵنەدەنەوە بەبۆچوونی عەبدولکەریم خەڵەف "دەبێت حکومەت ڕێگە چارەیەک بدۆزێتەوە بۆ چارەسەر کردنى ئەو پرسە، بۆ ئەوەى بتوانێت گەلێکى دەستبکەوێت تاوەکو پاڵپشتى لێبکات".