هەینی کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: سەرەڕای سەرنجی جیهان لەسەر جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نابێت سەرکوتکارییەکانی ئێران دژی هاووڵاتییانی خۆی فەرامۆش بکرێت.
کایا کالاس ئاشکرای کرد، یەکێتیی ئەورووپا کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ئەو دادوەرە ئێرانییانەدا سەپاندووە کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مەترسیداری مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش چەوساندنەوەی نەیارانی سیاسی و کەمینە ئایینییەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.
هەروەها سزای بەسەر یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی گرووپێکی کایەی دیجیتاڵیدا سەپاندووە کە هاوکاریی تارانی کردووە لە سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکاندا.
لە چوارچێوەی هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی یەکێتییەکەدا، بڕیاردرا سزا بەسەر شەش کەسی دیکەی ئێرانییدا بسەپێنرێت کە تێوەگلاون لە پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لیستە نوێیەکە پێنج دادوەری دادگاکانی ئێران لەخۆدەگرێت کە سەرپەرشتی دادگاییکردنی کەمینە ئایینییەکان و نەیارانی سیاسییان کردووە، لە نێویاندا دادگاییکردنی نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
ئەم دادوەرانە بە تۆمەتی پێشێلکردنی ئاسایشی نیشتمانی، سزای لەسێدارەدان، زیندانیکردنی درێژخایەن، قامچی لێدان، و سزای مادی توندیان بە سەر خۆپیشاندانەکانی ناوخۆ سەپاندووە.
لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە، جگە لە دادوەرەکان، یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر نیما ساڵحی، هاکەر و ئەندازیاری کۆمپیوتەری ئێرانی و دامەزرێنەری گرووپی سایبەریی ئاشیانەدا سەپاندووە.