گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستبەسەر کراون، ڕووبەڕووی "توندترین سزا" دەبنەوە. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە واشنتن هۆشداریی توندی داوەتە تاران لە ئەنجامدانی هەر لەسێدارەدانێکی خۆپێشاندەران.
ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە زمانێکی هەڕەشەئامێز رایگەیاند، دۆسیەی ئەو کەسانەی بە گوتەی ئەو "دوژمنکارن"، بەبێ هیچ نەرمییەک و لە کورتترین ماوەدا یەکلا دەکرێنەوە. جەهانگیر ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستی دادوەرەکانمان کراوەیە" بۆ دەرکردنی سزاکان، ئەوەش نیگەرانیی ناوەندە یاساییەکانی لەبارەی دەرکردنی سزای بەپەلە و نادادپەروەرانە زیاتر کردووە.
گوتەبێژەکەی دەسەڵاتی دادوەری، بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک، بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەنێو دەستگیرکراوەکاندا کەسانێک هەن پەیوەندییان بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)ـەوە هەیە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر بانگەوازەکان بۆ خۆپێشاندان هەبووە، باجی کارەکانیان دەدەن."
ئەم هەڵوێستە توندەی تاران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە 13ی کانوونی دووەمدا هۆشداریی دابوو کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندەران لەسێدارە بدات، ڕووبەڕووی "کردەوەی زۆر جیدی" دەبێتەوە.
لە بەرامبەردا، عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی تاران، قسەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکای بە "پووچ و بێمانا" وەسف کرد و رایگەیاند، وەڵامی سیستەمی دادوەریی وڵاتەکەی بۆ پەرەسەندنەکان "یەکلاکەرەوە و خێرا" دەبێت، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی پرۆسەی سەرکوتکردن و سزادانی خۆپێشاندەران لێکدەدرێتەوە.