سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی (شاباک)، ئەندامێکی "سەرەکی" یەکەی ئۆپراسیۆنەکانی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە ناوچەی "نەسریە"ی لوبنان کوشتووە.
بەگوێرەی بەیاننامەی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسەی کراوەتە ئامانج ناوی "حوسێن مەحموود مورشید ئەلجەوهەری"یە. ئیسرائیل دەڵێت ناوبراو ئەندامێکی کارای "یەکەی 840" بووە کە یەکەی ئۆپراسیۆنەکانی هێزی قودسە و لە ساڵانی ڕابردوودا دەورێکی سەرەکی هەبووە لە داڕشتنی "کردەوەی تێرۆریستی" دژی ئیسرائیل لە هەردوو بەرەی سووریا و لوبنان.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەلجەوهەری ڕاستەوخۆ "لەژێر فەرمانی" سوپای پاسدارانی ئێراندا کاری کردووە. سوپای ئیسرائیل یەکەی 840ی وەک یەکەیەکی تایبەتی هێزی قودس ناساندووە کە لەلایەن "ئەسغەر باقری" و جێگرەکەی "محەممەدڕەزا ئەنساری"یەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەرپرسن لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانی ئێران دژی ئیسرائیل.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، کە لوبنان و ئیسرائیل لە تشرینی دووەمی 2024ەوە بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هەردوولا یکتری بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.