بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆ دایە

عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆ دایە
AvaToday caption
posted onMay 7, 2022
noبۆچوون

چوارچێوەى هەماهەنگی لە عێراق هۆشداری سەرهەڵدانێکى "شۆڕشێکی گشتگیر" دا دژى ئەو ڕەوشە سیاسییەى وڵاتەکەى تێدا چەقیوە، چونکە ئەنجامێکى نەرێنی لەسەر ڕەوشى سیاسی و ئابووری و هاووڵاتیان دروست کردووە.

 

ئەو هۆشدارییەش یەکەم لێدوانى فەرمیی ئەو گرووپە سیاسییەیە کە کۆماری ئیسلامی پاڵپشتى دەکات و زۆربەى لایەنە سیاسییە شیعەکانى بەرەى تاران لە خۆ گرتووە و، وەک وەڵامدانەوەیەکیش بوو بۆ لێدوانەکەى رێبەرى ڕەوتى سەدر کە فراکسیۆنەکەى لە کۆى ٣٢٩ کورسی پەرلەمان ٧٣ کورسی لە ئەنجومەنى نوێنەران بە دەست هێناوە.

پێشتر موقتەدا سەدر، وەک پێشنیارێک بۆ گرووپى نەیارە سیاسییەکەى موڵەتێکى ٤٠ رۆژى بە چوارچێوەى هەماهەنگی بەخشى بۆ ئەوەى کار لەسەر پێکهێنانى حکومەتی نوێ بەبێ بەشداریی فراکسیۆنەکەى بکەن، بەڵام لە چەند رۆژى رابردووش دیسانەوە داواى لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کردووە لە ماوەى ١٥ رۆژ کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتى حکومەت دەستنیشان بکەن. مەرجەکەى سەدر، بریتی بوو لەوەى ئەو پەرلەمانتارانە هاوپەیمانییەکى ٤٠ پەرلەمانتاری پێک بهێنن و خۆشى پاڵپشتیان دەکات لە پرۆسەکەیان و، دەستبەرداری پشکی خۆشى دەبێت لەو حکومەتە.

بۆیە ئەو گرووپەى نزیک لە ڕژێمەکەى تاران پێیان وایە "هەڵوێستەکەى رێبەرى ڕەوتى سەدر، ڕەتکردنەوەیەکى روونى دەستپێشخەرییە سیاسییەکەیانە کە یەکەمجار پێشکەشی کراوە کە تایبەت بووە بە پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆن لەنێو شیعەکان". لەو بارەیەوەش ئەندامێکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، کە لە لایەن نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانى پێشووتر ڕابەرایەتى دەکرێت و بەشێکى سەرەکیی چوارچێوەى هەماهەنگییە، هیماى بەوە کردووە "تویتەکەى ئەمدواییەى سەدر و دەستنیشانکردنى سێ لایەن بۆ چارەسەرى قەیرانە سیاسییەکە، تەنها ڕەتکردنەوەیەکى روونى دەستپێشخەرییەکەیانە".

عەلى فەتلاوی، بەئاژانسەکانى هەواڵى گووتووە " سەدر هەڵساوە بە فڕێدانى تۆپی ئاگرین بۆ گۆڕەپانى پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و ئەوانیش بەرپرسیاریەتى گەورە دەکەوێتە سەر شانیان". پێی وایە "ئەوان ناتوانن کاندید بۆ پۆستى سەرۆکایەتى دیاری بکەن، چونکە ژمارەى پەرلەمانتارە سەربەخۆییەکان ٤٠ پەرلەمانتار نابێت و، هەمیشەش پەرش و بڵاون و یەکگرتوو نین".

لەدواى تەواوبوونى هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى ١٠ تشرینى یەکەمى ٢٠٢١، زۆربەى لایەنە شیعەکان لە نێو خۆیاندا ناکۆکییان هەیە کە کامەیان زۆرینەى پەرلەمان پێک دەهێنن، بە جۆرێک گرووپى نزیک لە تاران خۆیان بە براوەى هەڵبژاردنەکان دادەنێن، لە بەرامبەریشدا سەدر بە هەماهەنگی بەشێک لە سووننەکان و پارتى دیموکراتى کوردستان، فراکسیۆنێکى هاوبەشیان پێک هێناوە و خۆیان بە براوەى دادەنێن. لەهەمان کاتدا، هیچ لەو دوو گرووپە توانای کۆکردنەوەى دوو لەسەر سێی ژمارەى پەرلەمانتارانیان نییە، بۆ تێپەراندنى کاندیدی سەرۆکایەتى کۆمار کە لەنێوان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان ململانێی لەسەرە.

ئەندامەکەى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا باس لەوەش دەکات " چوارچێوەى هەماهەنگی لە سەرەتاى دانووستاندنەکانەوە یەک مەرجی هەبووە، ئەویش پاڵپشتى کاندیدی سەرۆکایەتى حکومەت دەکات بەو مەرجەى لەنێو هەناوی گەورەترین فراکسیۆنى شیعەکانەوە هەڵقوڵێت و،تاوتوێی بەرنامەکەى بکات". بۆیەش دەڵێت "ڕەتکردنەوەى دەستپێشخەرییەکان لەلایەن سەدرەوە، ئەوەى داهاتوو زۆر ئاڵۆزتر دەکات و ڕەنگە بگاتە ڕاپەڕینێکى جەماوەرى و شەقامەکان بتەنێ، وەک ڕەتکردنەوەیەک بۆ ئەو چەقبەستووەییەى بەغدا تێدا گیری خواردووە".

ئاشکراشی دەکات " ڕەوشەکە لەبەردەم سێ سیناریۆ دایە، چوارەمی نییە، یەکەمیان سەدر بچێتە بەرەى ئۆپۆزسیۆن، بەو شێوەیەش پارتى و هاوپەیمانى سیادە، پەیوەندیی بە چوارچێوەى هەماهەنگی دەکەن، لە پاڵ سەربەخۆییەکان، دووهەم، رێکەوتنە لەنێوان سەدرییەکان و چوارچێوەى هەماهەنگی، ئەمەش زۆر ئەستەمەو، بەهیچ شێوەیەک بەدی نایەت، چونکە هەموو دەستپێشخەرییەکان و سەردانیەکان سوودیان نەبووە.

خاڵى کۆتاییش؛ شۆڕشێکى جەماوەریی گشتییە دژى چینە سیاسییەکان و، ئەگەر ئەمەش بەدی هات، ئەوان بەهیچ شێوەیەک پێشگرتنى نیەو، کەسیش نازانێت وڵات بەچ ئاقارێک دەبات".