بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مووشەکەکان هى سوپاى پاسدارانن و حەشدى شەعبی ناونى بە هەولێرەوە

مووشەکەکان هى سوپاى پاسدارانن و حەشدى شەعبی ناونى بە هەولێرەوە
AvaToday caption
posted onOctober 1, 2020
noبۆچوون

دوێنێ شەوى چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، کاتژمێر ٨:٣٠ى شەو، شەش مووشەک ئاراستەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر کران بە مەبەستى هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانى هێزى هاوپەیمانانى نێودەوڵەتى و ئەمریکا و سێ مووشەکیش نران بە بارەگای حیزبی دیموکراتى کرودستانەوە لە گردەچاڵی هەولێر کە هیچیان زیانى گیانیان بە دواوە نەبووە!

 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەى ئەم هێرشەوە کە دوێنێ شەو کرایە سەر هاوپەیمانان لە پایتەختى هەرێمى کوردستان بەیاننامەیەکى بڵاو کردەوە و کە تیایدا گوتى "مووشەکەکان لە سنووری بەرتلەى نێوان گوندەکانی شێخ ئەمیر و تەرجلە لەسەر پیکابێک هاوێژراون کە سنووری لیوای ٣٠ حەشدی شەعبییە"... "لەکاتێکدا بە تووندترین شێوە ئەم هێرشە تێرۆریستییە ترسنۆکانەیە ئیدانە دەکەین، لە هەمانکاتدا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک. داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین دەستبەجێ  ئیجرائاتی پێویست وەربگرن".

 ده‌زگا ئه‌منييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان وێنه‌ى ئه‌و ئۆتۆمبێله‌يان بڵاو کردووەتوە ودژەتیرۆری کوردستانیش بڵاوى کردەوە کە "ئەم هێرشە له ‌لايه‌ن ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبييه‌وه ئەنجام دراوە و مەبەستیان لێدانى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و هێزى هاوپەیمانان و ئەمریکا بووە.

دیمەنى ئەو ئۆتۆمبێلەى مووشەکەکانى لەسەر تەقێنراون

دیمەنى ئەو ئۆتۆمبێلەى مووشەکەکانى لەسەر تەقێنراون

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی هێرشەکەی مەحکوم کرد و گوتى: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان قبووڵ ناکات و وەڵامیشمان بۆی زۆر تووند دەبێت و لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کردووە لەبارەی هێرشەکەوە و پێم گوتووە دەبێت ئەنجامدەران سزا بدرێن".

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش لەبارەی ئەم هێرشە مووشەکییەوە بڵاوی کردەوە کە "ئاگاداری هەواڵی هێرشە مووشەکییەکانین و لێکۆڵینەوە لەوبارەوە دەکەین. هیچ زیانێک بەر کۆنسوڵخانەکەمان نەکەوتووە

 لە بەرمبەر هەموو ئەمانەدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی کە هێزێکى دروستکراوەى شێعی و سەر بە کۆمارى ئیسلامى ئێرانە، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە خۆیان بێبەرى کردووە لە هێرشە مووشەکییەکە و تیایدا هاتووە "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی بەدواداچوون بۆ لێدوان و هەڵوێستەکان کردووە لەبارەی ئاراستەکردنی مووشەک و کردنە ئامانجی هەولێر، داخ و سەرسووڕمانی خۆمان لەبارەی هەندێک کاردانەوەی بەپەلە دەردەبڕین و روونی دەکەینەوە کە ئەو ناوچەیەی مووشەکەکانی تێدا ئاراستەی هەولێر کراوە، ناوچەیەکی چۆڵەوانییە و دەکەوێتە نێوان سێگۆشەی سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەبەک و هێزەکانی پێشمەرگە".. "لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کراوە، لە کامێراکاندا وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە دەردەکەوێت کە مووشەکەکانی هەڵگرتووە و لە کوێوە هاتووە، هەروەک فەرماندراوەتە فەرماندەی لیوای ٣٠ى حەشد لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکات لەبارەی ئەوانەی ئەو مووشەکانەیان ئاراستە کردووە، دواتر شوێنی جوڵەکردنی ئۆتۆمبێلەکە و ئەو لایەنەی کە ئەو شوێنەی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، ئاشکرا دەکەن."

دیمەنى ئەو ئۆتۆمبێلەى مووشەکەکانى لەسەر تەقێنراون ٢

دیمەنى ئەو ئۆتۆمبێلەى مووشەکەکانى لەسەر تەقێنراون