بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان: هەڕەشە و بێڕیزی لە کەس قەبوڵ ناکەین ، دوژمنانی ژینگە لەقاو دەدەین

ئاڤاتودەی پشتیوانی ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و هاوکار دەبێ بۆ لەقاودانی ئەوانەی شمشیر و ئاگر لە ژینگەی ڕۆژهەڵات دەسوون!
ئاڤاتودەی پشتیوانی ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و هاوکار دەبێ بۆ لەقاودانی ئەوانەی شمشیر و ئاگر لە ژینگەی ڕۆژهەڵات دەسوون!
posted onJune 16, 2020
noبۆچوون

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی جۆزەردان ، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەسەر ئەو هەڕەشانەی سەبارەت بە هەوڵە ژینگەپارێزیەکانیان لێیان دەکرێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا باسی لەوە کردووە: تاڵانچییانی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  لەوپەڕی بێ ئەدەبیدا بە بیانووی ئەوەی ئەندامانی سەوزی چیا باخەکانیان دەبڕنەوە و گوزارشیان لێ دەدەن دەستیان کردووە بە بێحورمەتی بە ئەندامانی ئەنجومەنەکە.

ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی سەوزی چیا:

 بێ حەیایی باوە ئەمڕۆ قوڕ بەسەر داکا حەیا 

کەندەڵان سەربەرز و شادە، خۆی بشارێتۆ چیا

گوڵ ئەگەر ئەقڵی ببێ قەت سەر لە خاک ناکاتە دەر     

چونکە ڕۆژی دڕک و داڵە و گەرمیی بازاڕی گیا

نیشتمان دۆستانی ڕاستەقینە، ژینگەپارێزانی وڵات، هۆگرانی سروشتی خاوێن!

هەروەک ئاگادارن چەن ساڵێکە شەپۆلی قڕکردن، سووتاندن و لەناوبردنی ژینگەی ئەم نیشتمانە لەلایەن کەسانێکی هەل پەرەست، نیشتمان فرۆش، تاڵانچی و موزایدەچییەوە، لەوپەڕی نائینسانیەوە، تاتارئاسا دراوەتەوە بەر پەلامار و بەداخەوە زۆر بێ ڕەحمانە و بێ هیچ چەشنە پڕەنسیپێکی ئەخلاقی و لەوپەڕی بێ ئەدەبییەوە بێ سڵکردن لە هیچ لایەک، بە بیانووی ئەوەی کە بە خەیاڵی خۆیان ئەندامانی چیا دەستیان داوەتە بڕینی شەوانەی باخەکانیان و گوزارش لێدانیان، دەستیان کردووە بە بێ حورمەتی بە ئەندامانی ئەنجومەنەکەمان و دەستیان داوەتە کردوەوەی نەشیاو. کورد وتەنی: " دز ئازابوو ساحێب ماڵی گرت".

زۆر جێی داخە بۆ ئەم شار و وڵاتە کە دوو کەس لە ڕۆڵە گیان فیداکانی، گیانی ئازیزیان پێشکەش بە بەرگری لە فەوتان و تاڵانی نیشتمان ئەکەن بەڵام، تاڵانچیگەلێک بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی خۆیان بەمجۆرە ڕوو ئەکەنە قڕکردنی ئەم خاکە و بەو پەڕی بێ ئەخلاقیشەوە هەڕەشە لە نیشتمان دۆستان و ژینگەپارێزان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا ئەکەن.

بۆیە هەر لێرەوە ڕاشکاوانە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە:

١_ڕەوتی بڕینی باخەکان و دەرهانیان یان گوزارش و شتی لەو چەشنە، هیچ پێوەندییەکی بە چیا و ئەندامانیانەوە نییە و چیا چوارچێوە و یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە و شێوە کاری خۆی بە سەدان جار ئەزموون کردووە.

٢_لە هەموو دڵسۆزانی ئەم ئاو و خاکە داواکارین چیتر نەیەڵن ئەم ڕەوتی قڕ کردنی وڵاتە بەردەوام بێ و ئەبێ بە گشتمان بەر به نیشتمان فرۆشان و تاڵانچیانی وڵات بگرین بۆ نەوەکانی داهاتوو.

٣_جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە هەڕەشە و گوڕەشە و قسەی ناشیرین و ناشیاو بەرانبەر بە ئەندامان و ئەنجومەنەکەمان بوەستێنن، چونکە دڵنیابن ئەگەر دووبارە بێتەوە چیتر بەرانبەر بێ ڕێزی و بێ حورمەتی بە ئەندامان، شەهیدانمان و چیای سەربەرزمان بێدەنگ نابین؛ بست‌بەبست و داربەدار و ئەوەی سووچ و شاردراوەی کاولکاری و داگیرکارییەکانی ژینگە و دارستانی نەتەوەییمانە بە بەڵگە و وێنە و ناو و شوێن بۆ بەرچاوی خەڵک و ڕای گشتی ئاشکرایان ئەکەین و ڕاشەکاوانە بە پێی نەخشە لە قاویان ئەدەین.

ئاڤاتودەی ڕایدەگەیەنێت وەک تۆڕێکی میدیایی سەربەخۆ و لە هەمانکاتدا بەرپرسیار بەرامبەر ژینگە و ژیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک پرەنسیپی کاری ڕابردووی خۆی کە بەردەوام پشتیوانی خەباتی ژینگەپارێزان بووە، درێژە بە پشتیوانیەکانی خۆی لە چالاکی تەژی لە ئەوین بۆ وڵات و ژینگەی ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات.

ئاڤاتودەی هەر جۆرە هەڕەشە و بێڕیزیەک لە ژینگەپاریزانی سەوزی چیا مەحکوم دەکات. ئێمە وەک پیشەی ساڵانی ڕابردووی خۆمان هاوکار دەبین لە پێناو لەقاودان و ئاشکراکردنی ئەوانەی بە مەبەستی قازانجی شەخسی خۆیان و هەروەها بە پیلانی سوپای پاسداران قۆڵیان لە وێران کردنی ژینگەی ڕۆژهەڵات هەڵماڵیوە.