Ana içeriğe atla

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ بیر لە فراوانکردنی هێرشەکانی سەر ئێران دەکاتەوە

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ بیر لە فراوانکردنی هێرشەکانی سەر ئێران دەکاتەوە
posted onJuly 17, 2026
noyorum

وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ بیر لە فراوانکردنی هێرشەکانی سەر ئێران دەکاتەوە بەڵام لە ناردنی هێزی زەمینی دوودڵە.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مەیلی بەلای فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەر ئێرانی هەیە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن یاریدەدەرە باڵاکانیەوە کورتەی پێشهاتەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکانی پێشکەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، بژاردە سەربازییەکانی بەردەم ترەمپ بریتین لە چڕکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکەکانی ئێران و ڕەوانەکردنی هێزی زەمینی بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەند دوورگەیەکی ستراتیژیی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە ترەمپ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی "دوورگەی خارک"ی ئێران، کە بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت.

سەرەڕای تاوتوێکردنی ئەم بژاردە توندانە، بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ هێشتا بە تەواوی بڕیاری کۆتایی نەداوە و دوودڵە لە بەکارهێنانی هێزی زەمینی لە هێرشەکانی سەر ئێراندا.

هۆکاری ئەم دوودڵییەش بۆ ترسی واشنتن لە ئەگەری کەوتنەوەی زیانی گیانی زۆر لە ڕیزەکانی سوپای ئەمریکادا دەگەڕێتەوە، ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی زەمینی لەگەڵ هێزەکانی ئێراندا ڕووبدات.