مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، کۆتایهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا بە چارەسەرکردنی پرسی گرووپە بریکارەکانی تارانەوە گرێدراوە و دەڵێت “ئەستەمە دووژمنکارییەکان بووەستن تاوەکو ئەو گرووپانە لە عێراقەوە درۆن و مووشەک ئاراستە بکەن؛” ئاماژە بەوەش دەکات، واشنتن رێگە نادات ئێران هیچ باجێک بەسەر رێڕەوی نێودەوڵەتیی تەنگەی هورمزدا بسەپێنێت.
رۆژی سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ لە دەستپێکی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو لە ئەبوزەبیی ئیمارات، تیشکی خستە سەر رۆڵی گرووپە بریکارەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکە و گوتی: “ئەستەمە کۆتایی بە دووژمنکارییەکان بهێندرێ تاوەکو ئەو کاتەی گرووپە بریکارەکانی ئێران مووشەک و درۆن لە عێراقەوە ئاراستە بکەن و بەشداری لە تیرۆریزم بکەن، وەک ئەوەی حەماس و حیزبوڵڵا کردیان. بۆیە ئەمە پرسێکی سەرەکییە و لەم دانوستاندنانەدا قسەی لەسەر دەکرێ.”
پەیامێک بۆ ئێران لەسەر تەنگەی هورمز
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی تووندیشی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: “تەنگەی هورمز رێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە باج یان تێچوو لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان دابنێت.”
ئەم لێدوانەی روبیۆ وەک وەڵامێک هات بۆ راگەیێندراوی هاوبەشی ئێران و عومان کە تێیدا جەختیان لە “سەروەریی” خۆیان بەسەر تەنگەکەدا کردبووەوە و باسیان لە وەرگرتنی تێچووی خزمەتگوزاریی لە کەشتییەکان دەکرد.