تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

نەتەنیاهوو: هاوسۆزی خەباتی گەلی ئێرانین بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری

نەتەنیاهوو: هاوسۆزی خەباتی گەلی ئێرانین بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری
posted onJanuary 4, 2026
noتعليق

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپێشاندەرانی شارە جیاوازەکانی ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هاوسۆزی ئەو خەڵکەیە کە داوای ئازادی دەکەن.

نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا باسی لە ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران کرد و گوتی: "ئێمە هاوسۆزیی خۆمان بۆ خەباتی گەلی ئێران و ئاواتەکانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی، ڕزگاری و دادپەروەری دەردەبڕین."

هاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "زۆر ئەگەر هەیە لە ساتەوەختێکدا بین کە گەلی ئێران خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن و کۆنترۆڵی چارەنووسیان بگرنە دەست."

ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەهۆی دۆخی بژێوی و پرسە سیاسییەکان چەندین شاری ئێرانی گرتووەتەوە و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران دروست بووە. ئیسرائیل کە بە نەیارێکی سەرسەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت، لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکان دەکات.