تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

کۆماری ئیسلامی دوو چالاکوانی سیاسی لە سێدارەدا

ئێران
posted onJuly 27, 2025
noتعليق

دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، کە مەهدی حەسەنی و بەهرووز ئەحسانی ئیسلاملو، دوو زیندانیی لایەنگری ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ، بە تۆمەتی "بەغی" (یاخیبوون لە دژی دەسەڵات) لە سێدارە دراون.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕادیۆ فەردایان ڕاگەیاندووە: "بنەماڵە و پارێزەرەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی لەسێدارەدانەکەوە نەبووە. نە بۆ دواجار دیدەنیکردن ئاگادار کراونەتەوە و نە هیچ هەواڵێکیشیان پێ دراوە کە بڕیارە لە سێدارە بدرێن. بنەماڵە و پارێزەری هەردووکیان، دوای جێبەجێکردنی حوکمەکە، لە ڕێگەی میدیاکان و ئاژانسی هەواڵی میزانەوە ئاگاداری لەسێدارەدانەکەیان بوون."

ئاژانسی هەواڵی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەرییە، ڕۆژی شەممە ئەم دوو زیندانییەی وەک "دوو ئەندامی چالاکی" ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق ناو بردووە.

میزان هەروەها تۆمەتەکانی وەک "تێکدانی موڵکی گشتی، کۆکردنەوەی زانیاری و وێنەگرتنی چالاکییە تیرۆریستییەکان و ناردنیان بۆ سەرپەلەکانی گرووپەکە و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕەکانی سەر بە مونافقین"ـی خستووەتە پاڵ ئەو دوو کەسە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕەوتی دادگاییکردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییەوە بڵاو نەکراوەتەوە و، بەگوێرەی هرانا (ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران)، ئەوان بۆ ماوەی چەندین مانگ لە زیندانی ئێڤین چارەنووسیان نادیار بووە و لە دۆخێکی بێخەبەریدا ڕاگیرابوون.

هەروەها بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، "هیچ بەڵگەیەک لەسەر تێکدان لە دۆسیەکەدا بوونی نەبووە."

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە "ڕەوتە یاساییەکە کەموکوڕی و کێشەی جددیی تێدا بووە" و بە ڕادیۆ فەردایان گوتووە: "دۆسیەکە کێشەی زۆری لە ڕووی یاساییەوە هەبوو، کە بەداخەوە گوێی پێنەدرا و لە دادگای باڵای وڵات، حوکمی لەسێدارەدانەکە لەلایەن موقیسە و ڕازینییەوە پەسەند کرا، ئەمەش سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی دۆسیەکە. داواکارییەکانی دواتریش بۆ پێداچوونەوە بە حوکمەکەدا ڕەت کرانەوە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر سەرنج لە کەموکوڕییەکانی دۆسیەکە بدرایە، دەبوو حوکمەکە لە دادگای باڵا هەڵبوەشێتەوە."

شایەنی باسە، ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافی مرۆڤ، لەوانەش ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ)، لە هەفتەکانی ڕابردوودا چەندین جار هۆشدارییان دابوو لەبارەی نزیکبوونەوەی وادەی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە، کە لە زیندانی قزڵحیسار ڕاگیرابوون.