Ana içeriğe atla

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: ڕەزا پەهلەوی درێژەپێدەری سیاسەتی "سەرکوت و فاشیزمە"

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: ڕەزا پەهلەوی درێژەپێدەری سیاسەتی "سەرکوت و فاشیزمە"
posted onFebruary 26, 2026
noyorum

لە کاردانەوەیەکی توونددا بەرامبەر لێدوانەکانی ڕەزا پەهلەوی، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، دیدگای کوڕی دوایین شای ئێران بۆ داهاتووی وڵات، درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی "سەرکوتکاری و فاشیزمی" ڕێژیمەکانی ڕابردوو و ئێستای تارانە و هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتییان لەگەڵ یەکدی نییە.

پاش ئەوەی ڕەزا پەهلەوی لە بەیاننامەیەکدا پێنج حزبی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە "گرووپی جیاوازیخواز" و خاوەن "بانگەشەی پڕوپووچ" وەسف کرد، هاوپەیمانیی تازەپێکهاتووی هێزە کوردییەکان وەڵامێکی تووندی دایەوە. پەهلەوی لە پەیامەکەیدا داوای لە سوپای ئێران کردبوو وەک "هێڵی سوور" بەرگری لە یەکپارچەیی خاک بکەن و بەرەوڕووی داخوازیی نەتەوەکان ببنەوە.

هاوپەیمانیی کوردستانی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم هەڕەشانە و پەنابردن بۆ سوپا، پەردە لەسەر ئەو ڕاستییە لادەدات کە لە ئێرانی پاشەڕۆژی ئەودا، مامەڵەکردن لەگەڵ خواستە دیموکراتیکەکان و مافەکانی مرۆڤ هەر بە ئەمنیی و سەربازی دەمێنێتەوە." هاوپەیمانییەکە جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە لێدوانە "قین‌لەزگییانە" تەنیا ئیرادەی تێکۆشەران بۆ "ناشتنی هەمیشەیی دیکتاتۆری و فاشیزم" لە هەر ڕەنگێک بێت، قایمتر دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، عەبدوڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی پەهلەوی کرد و ڕایگەیاند: "ئەوەی ڕێژیمی جەلادی کۆماری ئیسلامی لە 47 ساڵ کوشتار و سەرکوتدا بۆی نەکرا لە چۆکدادان بە کورد و کپکردنی دەنگی حەقخوازانەیان، ئێوەش ناتوانن بەدەستی بهێنن." موهتەدی گوتیشی: "لەو شوێنەی باوک و باپیرتان بە هەموو زەبروزەنگ و لەسێدارەدانێکەوە نەیانتوانی ناسنامەی نەتەوەی کورد بسڕنەوە، لە ئێوەش هیچ نایەتە بەرهەم."

ئەم ئاڵۆزییە سیاسییانە تەنیا چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" دێت، کە پێکهاتووە لە (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پژاک، حزبی ئازادیی کوردستان-پاک، سازمانی خەبات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان). هاوپەیمانییەکە دووپاتی دەکاتەوە کە دەستبەرداری مافە ڕەواکانی گەلی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێران نابن.