Ana içeriğe atla

نێردەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەگەری هەیە لە ئێران 'تاوان دژی مرۆڤایەتی' ئەنجام درابێت

نێردەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەگەری هەیە لە ئێران 'تاوان دژی مرۆڤایەتی' ئەنجام درابێت
posted onJanuary 20, 2026
noyorum

ڕاپۆرتەری تایبەتی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پێویستە لێژنەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی "تاوان دژی مرۆڤایەتی" لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتەدا. ئاماژە بەوەش دەکرێت ژمارەی کوژراوان گەیشتبێتە 20 هەزار کەس.

مای ساتۆ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (ABC News)ی ئەمریکی ڕایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، لانی کەم 5 هەزار مەدەنی لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکاندا کوژراون. بەڵام ساتۆ ئاشکرای کرد کە "لە پزیشکانی نێوخۆی ئێرانەوە بیستوویەتی کە ژمارەی کوژراوە مەدەنییەکان دەکرێت 20 هەزار کەس یان زیاتر بێت."

بڕیارە ڕۆژی هەینیی ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی ڕووداوەکانی ئێران ئەنجام بدات. ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئایسلەندا، مۆڵدۆڤا و مەقدۆنیای باکوور ڕێکخراوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هەمان پرس کۆبووەوە.

مای ساتۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات دەچێتە خانەی "تاوان دژی مرۆڤایەتی"، گوتی: "لەوانەیە وابێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە."

ئەو نێردەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی کردەوە کە تاوان دژی مرۆڤایەتی بە واتای "پێشێلکاریی بەرفراوان و سیستەماتیکی مافەکانی مرۆڤ دژی مەدەنییەکان" دێت، کە خۆی لە کوشتن، ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردنی هەڕەمەکیدا دەبینێتەوە و دەبێت "مەبەستی پێشوەختە" لە پشت ئەنجامدانیانەوە هەبێت.