Skip to main content

ئەمریکا حەشدی شەعبی تۆقاندووە

ئەمریکا حەشدی شەعبی تۆقاندووە
AvaToday caption
posted onDecember 10, 2019
nocomment

بەھۆی بەھێزبوونی زیاتری دۆخی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو، جۆرێک لە حاڵەتی دوودڵی و نیگەرانی لە ناو ڕیزی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا دروست کردووە.

 

ھاتنی فڕۆکەھەڵگری ئەبراھام لینکۆڵن و کەشتیەگەلی سەربازیی ھاوڕێی بۆ ناوچەی کەنداو و تیپەڕبوونی بە گەرووی ھورمزدا لە ماوەی ڕابردوودا، پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پاراستنی ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و دۆخی دەریاوانی ناوچەی کەنداو.

ئێندیپێندێنتی عەرەبی لە زاری سەرچاوە نزیکەکان لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبییەوە ئاشکرای کردووە، گرووپ و سەرکردەکانی حەشد بە چاوی دوودڵییەوە سەیری جموجوڵە سەربازییە نوێیەکانی ئەمریکا دەکەن لە ناوچەی کەنداو و عێراق، بە تایبەت ئەو جموجوڵانە ھاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانە فراوانەکانی عێراق و لوبنان، کە بە تەواوی ترسی بۆ ھەژموونی ئێران لەو دوو وڵاتە دروستکردووە.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە پێشبینی و لێکدانەوەکانی سەرکردایەتی حەشدی شەعبی بەو ئاڕاستەیەیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێدەچێت پلان  بۆ جێبەجێکردنی ھێرش دابنێت لە دژی چەند سەرکردەیەکی دیاریکراو، کە پەیوەندی پتەویان ھەیە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا. لەوانە ئەوبومەھدی موھەندیس و قەیس خەزعەلی و ئەبوئالای ولائی و ئەکرەم کەعبی.

ئەو پێشبینی لێکدانەوانەش پشتی بە سەرنج و نیگەرانییەکانی ئەم دواییەی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەستووە، سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراق و کوژرانی سەدان خۆپیشاندەر بە دەستی میلیشا چەکدارەکان نزیک لە تاران.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە چاوەڕوان دەکرێت ھێرشەکان بێ ھیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی ئەنجام بدرێن و ھیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ نەگرێت، کە چاوەڕواندەکرێت ھاوشێوەی ھێرشەکانی سەر کۆگا و جبەخانەکانی حەشدی شەعبی بێت، کە لەمانگی ئابی ئەمساڵدا ڕوویاندا، چونکە ئەو کات ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکان ڕانەگەیاند.

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کردووە، عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، ماوەی چەند ھەفتەیەکە بۆ کەمکردنەوەی ھەژموون و فشارەکانی ئەمریکا، زنجیرەیەک گۆڕانکاری ئەنجامداوە لە پەیکەری ئەمنی ھێزەکان و گۆڕانکاری لە کەسانی ناو نوسینگەکەی، ھەمووی لە پێناو دوورخستنەوەی مەترسی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا.

چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و ئیدارەی ئەمریکا بە خراپترین قۆناغدا تێپەڕ دەبێت، جگە لەوەش بەردەوامی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە عێراق و لوبنان و خودی ئێرانیش، گومانی زیاتری دروستکردووە بۆ لەدەستدانی ھەژموون و جڵەوی سوپای پاسداران، کە لە بنەڕەتەوە فشارەکانی ئەمریکا بۆ دژایەتکردنی سیاسەتی فراوانخوازی ئێرانە لە ناوچەکەدا.


ڕاپۆرت:
لە مۆر وەرگیراوە.