Skip to main content

فشارەکانى ئێران بۆ عێراق مەترسیی زیاتری لەسەر حکومەت دروست کردووە

فشارەکانى ئێران بۆ عێراق مەترسیی زیاتری لەسەر حکومەت دروست کردووە
.
بەرەى نزیک لەتاران، دەستیان لە فەیاز وەک کاندیدی سەرۆکوەزیرانى داهاتوو بەرنەداوە
posted onSeptember 20, 2018
nocomment

 

لەگەڵ زیادبوونى چانسى عادل عەبدولمەهدی، بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکایەتى وەزیرانى عێراق، نامۆیی زیاتر بەسەر پەیوەندییەکانى ئەو کەسایەتیە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیی ئێران زیاتر دەبێت و، پرسی پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆییەکانى تاران لەدەستنیشانکردنى بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە فراوانتر دەبێت.

 

لەبەرامبەریشدا هەڵوێستەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر گۆڕانکارییە خێراکانى ڕەوشى سیاسی بەغدا لەپرۆسەى پێکهێنانى حکومەتدا بێدەنگی زیاتر دەردەکەوێت و، جۆرێک لەخۆ دزینەوە نیشاندەدرێت لەلایەن ئیدارەى واشنتۆنەوە. واشنتۆن ئێستا پانتاییەکى لەپەراوێزی پەیوەندییەکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ وڵاتەکەى جێ هێشتووەو، چاوەڕوانە پرۆسەکە بە لایەکدا کۆتایی بێت.

سەرەڕاى سەرکەوتنى هێڵى سیاسی پاڵپشتی کراو لەلایەن کۆمارى ئیسلامی ئێران لەدانانى یەکێک لەئەندامانى وەک سەرۆک پەرلەمان، گریمانەى ئەوە دەکرێت، تاران هەمان سیناریۆ لەپۆستى سەرۆکایەتى حکومەت بکات. ئێستا لەنێو گۆڕەپانى سیاسی عێراقدا دەنگۆیەک دزەى کردووە بەوەى "دەستنیشانکردنى عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستى سەرۆکی نوێی حکومەتی بەغدا لەلایەن خودی ئێرانەوە ئاراستەوە کراوە و پاڵپشتى دەکرێت".

بەڵام موقتەدا سەدر رێبەرى ڕەوتى سەدر و فراکسیۆنى سائیرون بە تووندی دەستى بەکاندیدکردنى عەبدولمەهدی گرتووە، بۆ ئەوەى وەک فشارێک بەرامبەر پاڵەپەستۆى ئێرانى بەکاری بهێنێت، کەفالح فەیاز، راوێژکارى پێشووى ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتمانی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەى ئەو پۆستە بگرێت. سەرچاوە نزیکەکانى دانووستاندنەکانى پێکهێنانى حکومەتى نوێ رایانگەیاندووە " تاران خەریکە دەستبەردارى فەیاز لە پێناو سەرخستنى عەبدولمەهدی دەبێت". دووپاتیشی دەکەنەوە " ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەکى لەناکاو روونەدات، ئەوا سەرۆک وەزیرانى داهاتوو عەبدولمەهدی دەبێت".

هەرچەندە ئەو کاندیدە بەشداریی لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمان نەکردووە، بەڵام سەدر ئامادەیی نیشانداوە بۆ سەرخستنى عەبدولمەهدی تەواوى پاڵپشتیەکانى هاوپەیمانى سائرون بخاتە ژێر دەستى و، بیگەیەنێتە باڵاترین پۆستى سیاسی لەعێراقدا. عەبدولمەهدی لەماوەى رابردوو چەندین پۆستى باڵای حکومەتى عێراق لەدواى 2003 ـەوە بەدەست بووە، لەوانە وەزیرى دارایی، پلاندانان، جێگری سەرۆک کۆمار و دوایین پۆستیشى وەزیرى نەوت بووە، دواتر دەست لەکارکشانەوەى پێشکەش کرد.

بەرەى نزیک لەتاران سوورن لەوەى "دەستیان لە فەیاز وەک کاندیدی سەرۆکوەزیرانى داهاتوو بەرنەداوە، بەڵکو کاریش لەسەر کۆکردنەوەى دەنگی زیاتری بۆ دەکەن".

تاوەکو ئێستا مەرجەعیەتى باڵای شیعەکان لەعێراق کەلە عەلی سیستانی چڕ کراوەتەوە، هیچ هەڵوێست و دەنگێکى لەبارەى عەبدولمەهدی نەداوە، بەشێک وەک پەسەند کردن هەژماریان کردووە، بەڵام بەرەى بەرامبەر دەڵێن " بێدەنگییەکەى مانای وایە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە".

لایەنگرانى سەدر مەترسیی ئەوەیان هەیە " ئێران بەهۆى سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا بەسەریدا، فشارەکانى بەسەر عێراق تووندتر بکات، عەبدولمەهدی لەرکابەرییەکانى وەرگرتنى پۆستەکە بکشێتەوە، چونکە لەماوەى رابردوو دوو جار بەهۆى فشارەکانى تاران لەو رکابەرییە کشایەوە".

دەرگاکان تا دوایین ساتى دەستنیشانکردنى گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانى حکومەت، لەلایەن سەرۆکی نوێی کۆمار، ئەوا هەموو گەریمانەکانى وەرگرتنى ئەو پۆستە بەروونى ماوەتەوە.