Skip to main content

گەندەڵییەکانی حزبی دەعوە خەونەکانى لەگۆڕ نا

گەندەڵییەکانی حزبی دەعوە خەونەکانى لەگۆڕ نا
ئێستا ڕۆژەکانى قۆرخکارییەکانى حزبی دەعوە لەپۆستى سەرۆکوەزیران بەرەو کۆتایی دەچن
ئەنجوومەنى شوراى حزبی دەعوە عەبادی بە دابەشکردنى ڕیزەکانى حزبی تومەتبار  دەکات
posted onSeptember 20, 2018
nocomment

 

حزبی دەعوەى عێراق ڕەخنەى تووند لە سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچووى وڵاتەکەى دەگریت، بەوەى ڕیزەکانى حزبی تێکداوەو، بەڵێنەکانى لەتێکەڵکردنەوەى لیستەکەى لەگەڵ لیستەکەى حزبەکەى تێکەڵ نەکردووە.

 

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانى ماوە بەسەرچوو و یەکێک لەسەرکردەکانى حزبە دەعوە لەدوایین هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى وڵاتە بەلیستێکى جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان کردو، ئەو کات ڕایگەیاند " لەدواى هەڵبژاردنەکان لەگەڵ لیستى دەوڵەتى یاسا کەلەلایەن ڕێبەرى پارتەکەیەوە ڕابەرایەتى دەکرێت یەک دەگرنەوە"، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هەنگاوە نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

لەو نێوەندەدا ئەنجوومەنى شوراى حزبی دەعوە عەبادی بە دابەشکردنى ڕیزەکانى حزبی تومەتبار کردووەو، دژى یەکگرتنەوەى سێ فراکسیۆنى سەرەکیی وەستاوەتەوە، کەبریتی بوون لەهاوپەیمانى فەتح، دەوڵەتى یاساو نەسڕ.

هەرچەندە دەعوە لەرێگەى بەیاننامەیەکى فەرمییەوە ڕەخنەکانى ئاراستەى عەبادی کرد، بەڵام سەرۆکى فراکسیۆنى نەسر لەگرنگی کۆبوونەوەکانى کەم کردەوەو، ڕوونی کردەوە "ئەو کۆبوونەوەیە تەنها بۆ سازدانى خوانێک بوون".

ئەنجامە گشتیەکانى هەڵبژاردنەکانى ئایاری ڕابردووى پەرلەمان دەریخستووە فراکسیۆنى فەتح کە لە لایەن هادی عامری، ڕێبەرى ڕێکخراوى میلیشیای بەدر سەرۆکایەتى دەکرێت بە ٤٨کورسی پلەى دووهەم هاتووەو، فراکسیۆنى نەسر بە ٤٢پلەى سێهەم بووەو، فراکسیۆنى دەوڵەتى یاساش بە ٢٥کورسی پلەى چوارەم بووە.

ڕەخنەکانى ئەو حزبە کە لەدواى ٢٠٠٥ـەوە دەسەڵاتى جێبەجێکارى عێراقی بەدەستەوەیەو، ڕۆڵێکى سەرەکیی لە پرۆسەى سیاسی عێراق هەیە، خەریکە پۆستى سەرۆکایەتى وەزیرانیان لەدەست دەردەچێت و کەسێک لەدەرەوەى ئەو حزبە دەسەڵاتێدارێتى بەغدا دەگرێتەوە دەست.

حزبی دەعوە یەکێکە لەو حزبانەى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەرووى دارایی و مەعنەوییەوە پاڵپشتى دەکرێت و، تەنانەت ئەمینداری ئەو حزبەش بەیەکێک لەکەسە نزیکەکانى عەلی خامنەئی، ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی هەژمار دەکرێت.

حزبە دەعوە بۆ بەکارهێنانى دوایین کارتەکانى فشار بۆ مانەوەیان لەپۆستى سەرۆکایەتى وەزیران، کاندیدکردنى عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری سەربەخۆیی شێعەکان ڕەت دەکەنەوەو سوورن لەسەر کاندیدکردنى کەسێکى نزیک لەخۆیان.

پرۆسەکە گەیشتۆتە ئاستێک فراکسیۆنى بونیات کە لەلایەن دەوڵەتى یاساو فەتح و بەشێک لە سوننەکان پێک هێنراوە، بەوەى "کەسایەتى عەبدولمەهدی ئەو مەرجانەى تێدا نییە کە مەرجەعیەتی باڵا باسی لێوە دەکەن، چونکە پێشتر کۆمەڵێک پۆستى باڵاى بەدەستەوە بووە".

ئێستا ڕۆژەکانى قۆرخکارییەکانى حزبی دەعوە لەپۆستى سەرۆکوەزیران بەرەو کۆتایی دەچن، هەموو هەوڵ و کارەکانیان بۆ مانەوەیە تا دوایین سات لەپۆستى سەرۆک وەزیران. گرنگترین هۆکاریش بۆ لاوازبوونى پێگەى حزبی دەعوە لە پۆستى سەرۆکایەتى حکومەت، بەهۆى گەندەڵیی و پەرتەوازەیی ئەو پارتەیە لەبەرێوەبردنى دەوڵەت بەشێوەیەکى سیستەماتیک و شەفاف، تەنانەت نەیانتوانى بچووکترین خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن.

بەتایبەت لەهەردوو خوولى پێشووى سەرۆکایەتى نورى مالیکی، کە تومەتبارە بەرادەستکردنى یەک لەسەر سێی خاکی عێراق بەرێکخراوى داعش، لە پێناو مانەوەى لە پۆستەکەى.