Skip to main content

ئیسرائیل خۆى بۆ شەڕێکى فرەڕەهەند ئامادە دەکات

ئیسرائیل خۆى بۆ شەڕێکى فرەڕەهەند ئامادە دەکات
بەرپرسانى وەزارەتى بەرگرى ئیسرائیل: ئۆرشەلیم لە ساڵى ڕابردووەوە ١٠٠٠ بنکەى سوپاى قودسى لە سوریە بۆمباران کردووە
posted onAugust 8, 2019
nocomment

وەزارەتى بەرگرى ئیسرائیل، هەواڵى پلانێکى نوێی بۆ دروستکردنى کەرەستەیەکى (ماشین) جەنگى نوێ بڵاو کردەوە. ٣ نمونەى یەکەمى ئەم پڕۆژەیە، ئۆتۆمبێلێکى جەنگیی بێ سەرنشین و سەرنشیندار بوون کە تواناى کۆنتڕۆڵکردنى ناوچەیەکى بەرفراوانیان هەیە و هاوکات دەتوانن چەندین تەپۆڵکە پێکڕا بکەنە ئامانج!

مەیدانی ئەو شەڕەى کە ئیسرائیل هاوشێوەسازى بۆ کردبوو، لە پشتى یەکێک لە تەپۆڵکەکان گوندێک هەبوو کە ئیسرائیل بەوەبەرچاوگرتنى دۆخى ئەو شەڕانەى ڕەنگە لە لوبنان ڕووبەڕوویان بێتەوە، دیزاینى بۆ کردبوو. لە نمونە دروستکراوەکان مەیدانى شەڕەکانى ئێستا وەبەرچاو گیرابوو، کەچى مەبەستى سەرەکى ئیسرائیل، هاوشێوەسازى مەیدانەکانى شەڕى ئایندە بوو.

ئیسرائیل هێشتا وردەکارى زیاترى لەبارەى ئەم پڕۆژەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

پرسى سەرەکى ئیسرائیل، ڕووبەڕووبوونەوەى حەماس و حیزبوڵایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئۆرشەلیم دەبێت سەرنجیشى لەسەر هەڕەشەکانى ئێران لە عێراق و سوریە لانەدات. پسپۆڕانى سەربازى ئیسرائیل لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٧ى زایینیەوە هۆشدارى ئەوە دەدەن کە شەڕەکانى ئایندە تەنیا یەک بەرەیان نییە، بەڵکو هاوکات فرەبەرەن.

گادى ئیزینگوت سەرپەرەستى وەزارەتى بەرگرى ئیسرائیل دەڵێت "ئیسرائیل کە لە ساڵى ڕابردووەوە نزیکەى ١٠٠٠ بنکەى سوپاى قودسى لە سوریە کردووەتە ئامانج، لە ئایندەدا لە لوبنان و سوریە و لێوارەکانى غەزە و غەزە هەڕەشەى دەکەوێتە سەر. هەڵبەت دەبێت عێراقیش بەم هەڕەشانەوە زیاد بکەین.

بە پێى ڕاپۆرتە بڵاوبووەوەکان، فڕۆکە شەڕکەرەکانى ئیسرائیل تا ئێستاش چەندین ئامانجیان لە نێو خاکى عێراق کردووەتە ئامانج.

ئیسرائیل، گرووپە ملشیا عێراقییەکان بە هەڕەشە لەسەر خۆى دەزانێت کە زۆرینەیان سەر بە کۆمارى ئیسلامین. ئەم ملشیا چەکدارانە دەتوانن بەو مووشەکانەى کۆمارى ئیسلامى پێى داون، لە ئایندەدا بچنە نێو بەرەى شەڕى دژ بە ئیسرائیلەوە.

لەم گرووپە ملشیایانە هەن کە بە شێوەى ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سوپاى پاسدارانەوە هەیە وەک کەتائیبی حیزبوڵا. واشنتۆن، سوپاى پاسدارانى وەک گرووپێکى تیرۆریستى هەژمار کردووە.

ئیسرائیل لە ساڵى ١٩٧٣ و لە کاتى شەڕ لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی تا ئێستا ڕووبەڕووى شەڕێکى فرە ڕەهەند نەبووەتەوە. هەر لەبەر ئەمە ئێستا خەریکى پێشخستنى بەرنامەکانى بەرگریی خۆیەتى، بەتایبەت لە ڕووى زانیارى وردى ئەمنى، دروستکردنى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و مووشە دووربڕەکان.